ژینا مودەرسی گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکیی مافی ژنان پاش تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لە زیندانیی ناوەندی سنە ئازادکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەمڕۆ دووشەممە ٣١ خەرمانانی ١٤٠٤، ژینا مودەرسی گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکیی مافی ژنان و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ژینا «ژین ژیان ئازادی» پاش تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لە زیندانیی ناوەندی سنە ئازادکراوە.
ئەم چالاکەی مافی ژنان بە کۆی ٣٢٥ ڕۆژ لە زیندانیی سنە زیندانیی بوو و تەنیا جارێک مەرەخەسی پێدرابوو. ناوبراو پێشتر لە سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ژینا دوو جار دەستبەسەرکراوە و بۆ ماوەی ١٣٤ ڕۆژ دەستبەسەر و لێپرسینەوەی لێکراوە.
ژینا مودەرسی گورجی، لە دادگایی سەرەتایی بە ٢١ ساڵ زیندانیی تەعزیری سزادرابوو، بەڵام ئەم سزایە کە دادگای لێکۆڵینەوە بۆ دوو ساڵ و چوار مانگ کەمکرایەوە. بەپێی بڕیاری کۆتایی لە ڕەزبەری ١٤٠٣، لەلایەن لقی چواری دادگای لێکۆڵینەوەی سنە، ناوبراو لە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دوژمن» بێتاوان کراوە و بەهۆی «بانگەشە دژی ڕژیم» بە ساڵێک زیندان و بە تۆمەتی «ڕێکخستنی دەستە و کۆمەڵەی نایاسایی بۆ ڕووخاندنی ڕژیم» بە ١٦ مانگ زیندانیی تەعزیری سزادراوە. بەپێی ماددەی ١٣٤ یاسای سزادانی ئیسلامی، توندترین سزا واتە ١٦ مانگ زیندان بۆ ناوبراو کاراکرابوو.
ژینا مودەرسی گورجی، ڕۆژی ١٢ خەزەڵوەری ١٤٠٣، بۆ کاراکردنی سزاکەی ڕەوانەی زیندانیی سنە کراوە. ناوبراو پێش ڕۆشتنە زیندان لە پۆستێکت ئینستاگرام نووسیبووی؛ «ئەمڕۆ بۆ زیندان ئەڕۆم کە پەراوێز و جیاکاری سێ ئەوەندەیە؛ زیندانیی ژنانی سنە. پەراوێز س جیاکاری ڕەگەزی، چینایەتی و ڕەگەزگەرایی. سەرەڕای ئەمەش کاتێک کەرەستەکانم بۆ زیندان ئامادە دەکەم، پێش هەموو شتێک ئومێدم کردە جانتاکەمەوە. بە ئومێدەوە دەڕۆمە ئەوێ».
لە دۆسیەکانی جیاوازدا کە دژی ناوبراو ڕێکخراوە، تۆمەتەکانی وەکو «ڕێکخستنی ئەنجوومەنی ژیوانوو بە ئایدۆلۆژی فێمینستی، بەشداری ئامانجدار لە گردبوونەوەکانی ناڕەزایەتی، پێوەندی لەگەڵ لایەنەکانی دژبەری حکومەت، بەشداری لە کارگەکان و کۆنفەانسەکانی جیهانی، بڵاوکردنەوەی بابەتەکان لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات» ڕاگەیەندرابوو. دادگای شۆڕشی سنە لە سەرەتاکاندا بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی ئیتلاعات پشتی بەستبوو.
ژینا مودەرسی گورجی، لە ماوەی دەستبەسەرکراندا چەندین جار دەستی بە ناڕەزایەتی کردووە و تەنانەت سکاڵای دژی هێەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کوردستان بە تۆمەتی «پێشێلکردنی ئازادی، لێدان و برینداربوونی بە ئەنقەست و سووکایەتی» ڕاگەیاندبوو، بەڵام لقی یەکی لێکۆڵینەوەی دادگای سنە بە سەرۆکایەتی عەلیڕەزا فاریابی ئەم سکاڵایەی لە گوڵانی ١٤٠٢ ڕەتکردەوە و بڕیاری قەدەغەی گەڕانیی دەرکردووە.
ئەم ڕۆژنامەنووسە بۆ یەکەمجار لە ٣٠ خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕۆژەکانی سەرەتای سەرهەڵدانی «ژین ژیان ئازادی» بە توندوتیژانە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە دەستبەسەرکراوە. ناوبراو پاش ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە کەفالەت ئازادکراوە، بەڵام جارێکی دیکە لە خاکەلێوەی ١٤٠٢ و لە پووشپەڕی ١٤٠٢ دەستبەسەرکراوە و بۆ ماوەیەک لە گرتووخانەکان و زیندانەکانیی سنە زیندانیی کراوە.
بە ئازادیی ئەمڕۆ، دۆسیەی پڕپەراوێزی ئەم چالاکەی مافی ژنان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار هەواڵدەر بووە، بەڵام ئێستا داخراوە.

