بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز و ڕاگەیاندنی ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری شەریفە محەممەدی، چالاکیی کرێکاری و زیندانیی سیاسی، سزای لەسێدارەدانی ئەم چالاکەی ژن بۆ ساڵ زیندان کەمکرایەوە. ڕەئیسیان ڕایگەیاند ئەم بڕیارە پاش فشاری فراوانی ڕای گشتی، پشتیوانی ناوەندەکانی نێودەوڵەتی کرێکاری و کارزاری بەردەوامی دادپەروەری بووە.

ڕەئیسیان گوتیشی ئەم گۆڕانەی سزایە نیشانەی «بەزەیی» و گەڕاندنەوە بۆ یاسا و کۆتاییهاتنی سەرکوت نییە؛ بەڵکو بەڵگەیەکی دیکەیە لە تیرۆریسمی دەوڵەتی و ترسی ڕژیم لە چالاکییەکانی ڕێکخراوی کرێکاران و چالاکانیی مەدەنییە. ناوبراو گوتیشی؛ «گۆڕینی سزای لەسێدارەدان بۆ ٣٠ ساڵ زیندان، هەروەها هاوشێوەی «مردنێکی لەسەرخۆیە» بۆ شەریفە محەممەدی و ناوبراو بە تاوانی بەرگری لە مافەکانی کرێکاران و هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی سەربەخۆ، هێشتا زیندانیکراوە».
پارێزەری ئەم چالاکەی کرێکاری هەروەها ڕایگەیاند لە ڕێگەی «دووبارە دادگاییکردنەوە» یا «جێبەجێکردنی ماددەی ٤٧٧» بەدواداچوونی هەڵوەشانەوەی تەواوی سزاکەی و بێتاوانی شەریفە محەممەدی لە تۆمەتی بەغی دەکەن.
شەریفە محەممەدی، لەو چالاکانەی کرێکارییە کە پێشتر بەهۆی چالاکییەکانی سنفی و سیاسی خۆیەوە دەستبەسەرکراوە و ئەم دۆسیەیە نموونەیەکی دیارە لە فشار و سەرکوتی چالاکانی مەدەنی لە ئێران. شرۆڤەکارانی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی کرێکاری ئەم کردارەی ڕژیم «وەڵامێکە بۆ فشاری ڕای گشتی»، بەڵام هۆشداری دەدەن کە ٣٠ ساڵ زیندانی ناوبراو نموونەی سزادانی ماوەدرێژ و نامرۆڤانەیە.

