سنە؛ بانگهێشت و لێپرسینەوە لە سووسەن ڕازانی لە چالاکوانانی ناسراوی بزووتنەوەی ژنان

سووسەن ڕازانی، چالاکوانیی مەدەنی و کەسایەتییەکی ناسراو و بەئەزموونی بزووتنەوەی ژنان لە سنە، بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ خەرمانانی ١٤٠٤، «سووسەن ڕازانی» چالاکوانیی مەدەنی و کەسایەتییەکی ناسراو و بەئەزموونی بزووتنەوەی ژنان لە سنە، بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکراوە. لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا کۆڵبەرنیوز لە بانگهێشت و لێپرسینەوە لە سێ چالاکوانیی مەدەنی و سنفی دیکە بە ناوەکانی سیمین چایچی چالاکوانیی مەدەنی و شاعیری ناسراوی کورد، فاتمە زەندکەریمی چالاکوانیی بزووتنەوەی مامۆستایان و مەرزیە مورادوەیسی لە چالاکوانانیی مەدەنی سنە ڕایگەیاندبوو. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بانگهێشتی ئەم چالاکوانانە لە پێوەندی لەگەڵ سێیەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بووە. هێزەکانی ڕژیم هەڕەشەیان لەم چالاکوانانە کردووە و هۆشدارییان داوە کە بەشداری لە هەر گردبوونەوەیەک لە ساڵیادی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا نەکەن.

پێشتر لە شازدەی بەفرانباری ١٤٠٣، دانیشتنی لێکۆڵینەوە لە سووسەن ڕازانی لەگەڵ شەش چالاکوانیی کرێکاری و ژینگەیی دیکە لە لقی دووی لێکۆڵەری دادگای گشتی و شۆڕشی سنە بەڕێوەچوو کە ناوبراو بە تۆمەتی «بانگەشە دژی ڕژیم و تێکدانی هزری گشتی» بەرگری لە خۆی کردبوو و پاش پێداچوونەوەی تۆمەتەکانی بە کەفالەت ئازادکراوە.

ڕۆژی سێشەممە چواری بەفرانباری ١٤٠٣، سووسەن ڕازانی لە چالاکانیی ناسراو و بەئەزموونی بزووتنەوەی ژنان و ئەندامی کۆمەڵەی شاخەوانی چل چەمە لە سنە، لەلایەن ئیتلاعاتی هێزەکانی ڕژیم بانگهێشت و پاش چەندین کاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشە ئازادکران.

ڕۆژی شەممە حەوتی خەزەڵوەری ١٤٠١، سووسەن ڕازانی لە دەستبەسەریی فراواندا لەلایەن هێزەکانی ئەمنی شاری سنە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ خەزەڵوەری ١٤٠١، سووسەن ڕازانی پاش تێپەڕبوونی شازدە ڕۆژ دەستبەسەرکران بە کەفالەت و بە کاتی تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە زیندانیی سنە ئازادکرابوو.

سووسەن ڕازانی پێشتر لە یازدەی گوڵانی ١٣٨٧، لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانی ڕۆژی جیهانی کرێکار لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرابوو. دواتر لەلایەن لقی ١٠١ دادگای سزادانی سنە، سووسەن ڕازانی بە ٩ مانگ زیندانیی دواخراو بۆ ماوەی سێ ساڵ و ٧٠ لێدانی شەلاقی تەعزیری سزادراوە. سزای شەلاق و زیندانیی ئەم چالاکەی مەدەنی لە ٣٠ ڕێبەندانی ١٣٨٧ کاراکرا. سووسەن ڕازانی لە چالاکوانانیی کرێکاری و ئەندامی ئەم کۆمیتەیە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بانگهێشت و بە ڕاستەوخۆ هەڕەشە و لێپرسینەوەی لێکراوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

شنۆ؛ دەستبەسەرکرانی دوو لاوی تەمەن ١٦ ساڵ لەلایەن هێزەکانی ڕژیم

چ سپتامبر 17 , 2025
دیار گرگوڵ و ئالان تابناک، دوو لاوی تەمەن ١٦ ساڵ لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لە شنۆ دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرلەبەیانی چوارشەممە ٢٦ خەرمانانی ١٤٠٤، دوو لاو لە شنۆ دەستبەسەرکران. ناسنامەی ئەم دوو لاوەی تەمەن ١٦ ساڵ، دیار گرگوڵ و ئالان تابناک. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی […]

بابەتی پەیوەندیدار