ڕۆژی شەمە ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣، تەها ڕەسوڵیان هونەرمەندی خەڵکی پیرانشار بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندان دەستبەسەرکرا و بۆ زیندانی ناوەندی نەغەدە گوازرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، تەها ڕەسوڵیان هونەرمەندی خەڵکی پیرانشار لە ڕۆژی شەمە ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ پاش ئامادەبوونی لە لقی جێبەجێکردنی حوکمەکانی دادگای پیرانشار دەستبەسەرکرا و بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندان بۆ زیندانی ناوەندی نەغەدە گوازرایەوە.
ناوبراو لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەری ڕژیم “ئۆجاقلو” بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕژیم” و “هەڵوێست دژی ئاسایشی نەتەوەیی” بە گشتی بە ٧ ساڵ و ١٠ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو کە بە سەرنجدان لە یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکانی تەنیا سزای توند ٣ ساڵ و ٧ مانگ بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.
هەروەها تەها ڕەسوڵیان لە بەڵگەیەکی دیکە کە لە لقی ١٠٢ دادگای ئینقلابی پیرانشار لە جێبەجێکردندا بوو، بە تۆمەتی “تێکدانی یاسای گشتی” بە ٣ مانگ زیندانی تەعزیری و ٤٠ لێدانی شەلاق مەحکووم کرا.
هێزە ئەمنیەکانی ڕژیم لە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١ و لە ماوەی شۆڕشی ژینا، تەها ڕەسوڵیان بەبێ بڕیاری دادگا دەسنبەسەرکرا و لە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی کاتی ئازاد کرابوو.