لقی نۆی دیوانی باڵای پێداچوونەوەکان بە داوای پێداچوونەوە بە حوکمی پەخشان عەزیزی، چالاکی سیاسی بەندکراو لە زیندانی ئێڤینی ڕەتکردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، داوای پێداچوونەوە بە سزای لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسی لە زیندانی ئێڤین، لەلایەن لقی نۆی دیوانی باڵای پێداچوونەوەکان ڕەتکرایەوە.
ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزی، ڕایگەیاند کە ئەم داواکاریە لە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ڕەتکراوەتەوە و لە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ بە پارێزەری پەخشان عەزیزی ڕاگەیەندراوە. بە گوتەی ئەمیر ڕەئیسیان، دیوانی باڵای پێداچوونەوەکان بە پێی ئەو بەڵگەیەی کە خواستە پێشکەشکراوەکان بنەڕەتین، داوای دووبارە پێداچوونەوەکەی ڕەتکردۆتەوە. ئەمیر ڕەئیسیان ئەوەشی پشتڕاستکردەوە کە تیمی پارێزەرەکەی داوای دووبارە پێداچوونەوەیان پێشکەش کردووە.
ڕۆژی سێشەممە دووی گەلاوێژی ١٤٠٣، لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئایمان ئەفشاری، «پەخشان عەزیزی» چالاکی سیاسی بە تۆمەتەکانی وەک «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە. ئەم سزایە لە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣، لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای پێداچوونەوەکان پەسەند کراوە.
دانیشتنی دادگا بۆ تۆمەتەکانی ئەم چالاکە سیاسییە لە هەشتی جۆزەردانی ١٤٠٣، بەڕێوەچوو. «پەخشان عەزیزی» چالاکی سیاسی خەڵکی شاری مهاباد، لە ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی تارانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ زیندانی ئێڤین گواستراوەتەوە. پەخشان عەزیزی، لە ڕێبەندانی ١٤٠٢، لە لقی پێنجی لێکۆڵینەوەی دادگای ئەمنی ئێڤین تۆمەتبار کرابوو و سزانامەی ناوبراو نێردرا بۆ لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران.