یەدێ بەهاری زەر، چالاکیی کرێکاری شاری سنە و دانیشتووی دەماوەند، بە پێدانی مەرەخەسی پەیوەست بە ئازادی لە زیندان ئازادکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، یەکی پووشپەڕی ١٤٠٤، یەدێ بەهاری زەر، چالاکیی کرێکاری تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی گوندی «ئەوێهەنگ» لە شاری سنە و دانیشتووی دەماوەند، پاش ٢٩ مانگ زیندانیکردن، بە پێدانی مەرەخەسی پەیوەست بە ئازادی لە زیندان ئازادکرا و سێ مانگی کۆتایی سزاکەی لە دەرەوەی زیندان بەسەر دەبات.
یەدێ بەهاری زەر، لە دوازدەی ڕەزبەری ١٤٠١، لەلایەن لقی دووی دادگای دەماوەند، بە تۆمەتەکانی «دژایەتی ئاسایشی نەتەوەیی»، «سووکایەتی بە ڕێبەری»، «ڕێکخستنی کۆمەڵە و دەستەی دژە شۆڕش لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی»، «بانگەشە دژی ڕژیم» و «پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵەی کۆمۆنیست» بە شەش مانگ زیندانی تەعزیری سزادرا. بەپێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، پێنج ساڵ لەم سزایە جێبەجێ دەکرێت.
لە کۆتاییدا، ڕۆژی دووشەمە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١، یەدێ بەهاری زەر پاش بانگهێشتی بۆ دادگای دەماوەند، دەستبەسەرکرا و بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ زیندانی ئێڤین گواسترایەوە.
ئەم چالاکەی کرێکاری لە ناوەڕاستی گەلاوێژی ١٤٠١، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لە شاری دەماوەند دەستبەسەرکرا. پاش پشکنینی ماڵەکەی و بردنی تەلەفۆنەکەی، ناوبراو بۆ گرتووخانە گواسترایەوە و پاش دوو هەفتە، بە پێدانی بارمتەی سەنگینی چوار ملیار تمەن بە شێوەی کاتی تا تەواوبوونی دادگاییەکەی ئازادکرا.