سووسەن ڕازانی، لە چالاکانی مەدەنی و مافی ژنانی شاری سنە لەلایەن دادگای ئەم شارەوە بانگهێشتکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سووسەن ڕازانی، چالاکوانی مەدەنی و لە کەسایەتییە بە ئەزموونەکانی بزووتنەوەی ژنان لە شاری سنە، بە وەرگرتنی ڕاگەیەندراوێک لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە، بۆ ئامادەبوون لە ڕۆژی سێشەمە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، بۆ ئەم ناوەندە یاساییە بانگهێشتکرا. لەم ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بە هۆکاری بانگهێشت یان تۆمەتەکانی دژی نەدراوە.
پێشتر لە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٣، دانیشتنی لێکۆڵینەوە لە سووسەن ڕازانی، لەگەڵ ٦ چالاکوانی کرێکاری و ژینگەپارێزی دیکە لە لقی ٢ی لێکۆڵینەوەی دادگای گشتی و شۆڕشی سنە بەڕێوەچوو کە ناوبراو بە تۆمەتی «بانگەشە دژی ڕژیم و تێکدانی هزری گشتی» بەرگری لە خۆی کردووە و پاش پێداچوونەوەی تۆمەتەکەی بە دانانی بارمتە ئازادکرا.
ڕۆژی سێشەمە ٤ی بەفرانباری ١٤٠٣، سووسەن ڕازانی، لە چالاکانی ناسراو و بە ئەزموونی بزووتنەوەی ژنان و لە ئەندامانی کۆمەڵەی شاخەوانی چل چەمەی شاری سنە، لەلایەن ئیتلاعاتی هێزە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و پاش چەندین کاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشە ئازادکران.
ڕۆژی شەمە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، سووسەن ڕازانی، لە درێژەی دەستگیرییە فراوانەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوویەوە. ڕۆژی یەکشەمە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠١، خاتوو ڕازانی پاش تێپەڕینی ١٦ ڕۆژ دەستبەسەری بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی و تا تەواوبوونی دادگاییەکەی لە زیندانی شاری سنە ئازاد کرابوو.
سووسەن ڕازانی، پێشتر لە ١١ی گوڵانی ١٣٨٧، لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی کرێکاردا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. دواتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای سزادانی شاری سنەوە، سووسەن ڕازانی، بە ٩ مانگ زیندانی دواخراو بۆ ماوەی ٣ ساڵ و ٧٠ لێدانی شەلاقی تەعزیری سزادرا. سزای شەلاق و زیندانیکردنی ئەم چالاکە مەدەنییە لە ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٨٧ جێبەجێکرا. سووسەن ڕازانی، لە ٢٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٣، لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی کرێکاری و ئەندامانی ئەم کۆمیتەیە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشت و لەلایەن لێپرسراوانەوە هەڕەشەی لێکرابوو.