دایە نەهیە ڕەحیمی لە دایکانی دادخوازی کوردستان و دایکی هەمیشەزیندوو ڕامین فاتحی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لەلایەن ناوەندەکانی ئەمنی دەستبەسەرکراوە و لێپرسینەوەی لێکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ خەرمانانی ١٤٠٤، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی، دایە بەهیە ڕەحیمی تەمەن ٧١ ساڵ، لە دایکانی دادخوازی کوردستان و دایکی هەمیشەزیندوو ڕامین فاتحی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگهێشت و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێکراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی ڕژیم هەڕەشەیان لەم بنەماڵەیە کردووە و داوایان لێکردوون دەبێت بەشداری لە هەر ڕێوڕەسمی پێوەندیدار بە ساڵیادی گیانبەختکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا نەکەن.
ڕامین فاتحی، تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی سنە لە ٢١ ڕەزبەری ١٤٠١، لەگەڵ خوشک و براکەی ڕادا فاتحی و وریا فاتحی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لەلایەن هێزەکانی ڕژیم ڕفێنران و پاش هەفتەیەک بەهۆی ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە گیانیبەختکرد.

