پێنج هاووڵاتی شاری بۆکان بە ناوەکانی ڕزگار بابامیری، پژمان سوڵتانی، سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و تەیفوور سەلیمی بابامیری، بە سزای سەنگینی لەسێدارەدان و زیندانی تەعزیری سزادران.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، پێنج هاووڵاتی شاری بۆکان بە ناوەکانی ڕزگار بابامیری، پژمان سوڵتانی، سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و تەیفوور سەلیمی بابامیری، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ورمێ بە تۆمەتەکانی سیاسی بە سزای سەنگینی لەسێدارەدان و زیندانی تەعزیری سزادران. ئەم هاووڵاتییانە کە دەستبەسەرکراوانی دوای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینان، هەموویان بە پێنج سزای لەسێدارەدان و ٧٥ ساڵ زیندانیکردن سزادران.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم سزایانە ڕۆژی دووشەمە شازدەی پووشپەڕی ١٤٠٤، بە پارێزەرانی ئەم تاوانبارانە ڕاگەیەندراوە. تۆمەتەکانی دژی ئەم هاووڵاتییانە «بەغی»، «شەڕەنگێزی» و «ئەندامێتی لە کۆمەڵەکانی تیرۆریستی». دادگا بۆ هەر یەکێکیان پازدە ساڵ زیندانیکردن بە تۆمەتی ئەندامێتی لە کۆمەڵەکانی چەکداری دژە ڕژیم دیاری کردووە.
ناوەڕۆکی سزاکانی دەرچوو؛
پژمان سوڵتانی (تەمەن سی ساڵ)؛ سێ جار لەسێدارەدان و پازدە ساڵ زیندان
سۆران قاسمی (تەمەن ٢٨ ساڵ)؛ سێ جار لەسێدارەدان، پازدە ساڵ زیندان، و دە ساڵ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیری بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتن
ڕزگار بابامیری (تەمەن ٤٢ ساڵ)؛ دوو جار لەسێدارەدان، پازدە ساڵ زیندان، و پازدە ساڵ زیندان بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتن
کاوە ساڵحی (تەمەن چل ساڵ)؛ سێ جار لەسێدارەدان و پازدە ساڵ زیندان؛ ناوبراو لە تۆمەتی کوشتن بێتاوان کراوە
تەیفوور سەلیمی بابامیری (تەمەن ٤٧ ساڵ)؛ جارێک لەسێدارەدان و پازدە ساڵ زیندان، ناوبراو ئێستا بە پێدانی بارمتەی پێنج ملیار تمەن ئازادکراوە
هەروەها پژمان سوڵتانی، پێشتر لە دۆسیەیەکی دیکەدا لەلایەن دادگای تایبەتی لاوانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە لەسێدارەدان سزادرابوو.
ڕاپۆرتەکان دەڵێن ئەم هاووڵاتییانە پاش بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە شارەکانی وەکو بۆکان و بانە دەستبەسەرکران و بۆ ماوەیەکی درێژ لە گرتووخانەکانی ڕژیم بەبێ پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە یان پارێزەرەکەی زیندانیکرابوون. بەپێی زانیارییەکانی بڵاوکراوە، تاوانباران لە ماوەی لێپرسینەوەدا ئەشکەنجەی توند دراون و بە ناچاری دانپێدانانیان لێوەرگیراوە.
لەم دۆسیەیەدا، شەش هاووڵاتی دیکە بە زیندانیکردن سزادران و هاوکات دانیشتنەکانی دادگا بۆ تۆمەتەکانی پێنج تاوانباری دیکەی شاری بۆکان بەڕێوەچوو. ناوی ئەم هاووڵاتییانە؛ هێمن کرمانج، ئەحمەد مامزادە (تەمەن ٦٥ ساڵ)، ئەبوبەکر مامزادە (تەمەن ٥٣ ساڵ)، جەلیل مەولوودی و جەوانمەرد مام خوسرەوی (تەمەن ٥٠ ساڵ).
بەپێی ڕاپۆرتەکان، دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە لە ڕەشەمەی ١٤٠١ تا خاکەلێوەی ١٤٠٢، بە تاکڕەوانە و بەبێ بڕیاری دادوەر ئەنجامدراوە.
دەرچوونی ئەم سزا سەنگینە لە بەردەوامی زیادبوونی بەرخوردەکانی ئەمنی و دادوەرییە لەگەڵ چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئەنجامدراوە.

