«مەهنا دوکوشکانی»، گەنجێکی ١٨ ساڵ خەڵکی شاری کرماشان لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم شارە کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، «مەهنا دوکوشکانی»، گەنجێکی ١٨ ساڵی کورد خەڵکی کرماشان، ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە “گەڕەکی سەعدی” شاری کرماشان کرایە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم و گیانی بەختکرد. تەرمی ناوبراو ڕۆژی هەینی ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە گۆڕستانی «باغ فیردەوس» لە کرماشان بەخاکسپێردرا.
هێشتا ڕوون نییە کە ئایا هیچ پارەیەکیان لە بنەماڵەکەی وەرگرتووە بۆ ڕادەستکردنی تەرمی مەهنا دوکوشکانی یان ناچار بە واژۆکردنی بەڵێننامەیەکی نووسراو کراون یاخود نا. سەرچاوەکانی ناوخۆیی پێشتر ڕایانگەیاندبوو که ناوەندەکانی ڕژیم بۆ ڕادەستکردنی تەرمی گیانبەختکردووانی کرماشان له نێوان ٧٠٠ ملیۆن بۆ یەک ملیارد تمەنیان له بنەماڵەکان وەرگرتووە و بنەماڵەکان بۆ ڕادەستکردنی تەرمەکەیان ناچار بە دانی ئەم پارەیە بوون.

