«مەسعوود سادقی»، گەنجێکی ٣٧ ساڵ خەڵکی شاری سەرپێلی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی تاران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، «مەسعوود سادقی» ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی تاران بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد. تەرمی ئەم هاوڵاتییە کوردە پاش هەفتەیەک لە لێکۆڵینەوە و گەڕانی بنەماڵەکەی، لە تاران ناسرایەوە و ڕادەستکرایەوە.
بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، تەرمی مەسعوود سادقی لە گۆڕستانی گوندی “کوسەکانی پاتاق”ی سەر بە سەرپێلی زەهاو بە خاک بسپێردرێت. هێشتا ڕوون نییە کە ئایا ئەو خێزانە پارەیەکیان لێوەرگیراوە بۆ ڕادەستکردنی تەرمەکەی یان ناچار بوون بەڵێننامەیەکی نووسراو واژۆ بکەن. پێشتر سەرچاوە ناوخۆییەکان ڕایانگەیاندبوو کە ناوەندەکانی ڕژیم بۆ ڕادەستکردنی تەرمی گیانبەختکردووانی کرماشان، لەنێوان ٧٠٠ ملیۆن تا یەک ملیارد تمەن لە بنەماڵەکان وەرگیراون و بنەماڵەکان بۆ ڕادەستکردنی تەرمەکانیان ناچارن ئەم پارەیە بدەن.

