ڕاگەیاندنی کۆڵبەرنیوز بە بۆنەی ھەشتی مارسی ٢٠٢٦؛ ژنان لە نێوان جەنگ، سەرکوت و تێکۆشان لەپێناو ئازادیدا

ھەشتی مارس، ڕۆژی جیھانی ژن، لە ساڵی ٢٠٢٦ لە بارودۆخێکدا دێتە پێشێ کە ئێران و بەشێکی گەورەی ڕۆژھەڵاتی ناوین لە نێوان یەکێک لە قەیراناویترین سەردەمە سیاسی و سەربازییەکانی چەند دەیەی ڕابردووی خۆیدایە. شەڕ، سەرکوتی بەرین، قەیرانی ئابووری و وێرانکاریی سەرچاوەگرتوو لە تێکهەڵچوونە سەربازییەکان، ژیانی بە ملیۆن مرۆڤی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە و لەم نێوانەدا ژنان دووبارە لە ڕیزی یەکەمی زیان وێکەوتوان و هاوکات لە ریزی پێشەوەی خۆڕاگری و تێکۆشان وێستاون.

لە مانگەکانی ڕابردوودا، گۆڕانکارییەکی گەورە لە ناوچەکەو ئێراندا ڕوویداوە. نارەزایەتی سەرتاسەری بەفرانباری ١٤٠٤ بەرەوڕووی سەرکوتێکی خوێناوی بۆوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە و بەپێی ڕاپۆرتەکان دەیان ھەزار کەس لە کاتی ئەم نارەزایەتییانەدا گیانیان لەدەستدا. ئەم سەرکوتە بەرفراوانە نیشانی دا کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ھەمیشە بە پشتبەستن بە توندوتیژیی ڕێکخراو، ماشێنی ئەمنی و یاسا ئایینییەکان و پیاو سالاری هەوڵ دەدات ھەر جۆرە داخوازییەکی ئازادی و یەکسانی خوازانە پێشێل بکات.

لەم حاڵەتەدا، ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوینیش گیرۆدەی شەڕێکی بەرفراوانە. شەڕی دووازدە ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ساڵی ڕابردوودا تەنیا بەشێک لە رەوتێک بووە کە ئێستا بە تێکهەڵچوونی ڕاستەوخۆی نێوان کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەی گرتۆتەوە. زیاتر لە یەک ھەفتەی ڕابردوودا، شارە جیاوازەکانی ئێران و ئیسرائیل بوونەتە ئامانجی بۆمباران و هێرشی مووشەکی، فڕۆکە شەڕکەرەکان. ئەم شەڕە نەک هەر بنەما شارسازییەکان و ئابووری هەڵتەکاندووە بەڵکوو بۆتە هۆی ئاوارە بوونی بە ھەزاران بنەماڵە و قەیرانێکی بەرینی مرۆیشی لە ناوچەکەدا لێکەوتۆتەوە.

ئەزموونی مێژووی نیشانیانداوە کە شەڕەکان، زیاتر لە ھەر گروپێکی تر، ژنان و منداڵان دەکەنە ئامانج. لە بارودۆخی شەڕدا، توندوتیژیی ڕەگەزی، ھەژاری، بێ‌ ماڵ و حاڵی و نا ئەمنی پەرە دەستێنێت و زۆرێک لە دەستکەوتە کۆمەڵایەتی و یاساییەکانی ژنان لەگەڵ هەڕەشەی جیددی بەرەڕوو دەبنەوە. لە هەمان حاڵدا، دەسەڵاتە پاوانخوازەکان لە بارودۆخی شەڕدا بۆ زیادکردنی سەرکوتی ناوخۆ، سنووردارکردنی ئازادییەکان و کپکردنی دەنگی نارازییان کەڵک وەردەگرن.

لە ئێراندا، ژنان ھەمیشە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ستەمی ساختاریش دەبنەوە؛ ئەو ستەمانەی کە لە تێکتەنراوی سیستەمی سەرمایەداری، حکومەتی دیکتاتۆری و یاسا ئایینییە پیاوسالارانەکان شکڵیان گرتووە. یاساکانی کۆماری ئیسلامی ژنان لە بوارە جیاوازەکانی وەک؛ هاوسەرگیری، جیابوونەوە، مافی سەرپەرستیکردنی منداڵ، سەفەر، ئیرس و میرات و بەشداریی سیاسی خستونییەتە بارودۆخێکی ژێردەستەییەوە. ئەم یاسایانە، لەگەڵ کلتووری پیاوسالار و ساختارە ئابوورییە نابەرپرسیارەکان، ژنان لە زۆرێک لە مەیدانە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکاندا بەرەوڕووی بەربەستی جیددی دەکاتەوە.

لە هەمان حاڵدا، ئەزموونی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی «ژینا» نیشانی دا کە ژنان لە ئێراندا نەک تەنیا قوربانی ئەم پێکهاتانە نین بەڵکوو وەک یەکێک لە گرنگترین هێزەکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی بە حیساب دێن. ژنان لە سەردەمی ئەم ئاخێزەدا، لەسەر شەقام و ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان لە دروستکردنی شەبەکە خۆڕاگرییەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە و نیشانیانداوە کە تێکۆشان بۆ ئازادی و یەکسانی بێ ئامادەبوونی چالاکانەی ژنان ئیمکانپەزیر نییە.

بەتایبەت ئەم خەباتە لە کوردستان و بەلووچستان ئاستێکی بەرینتری بووە. ژنانی کورد و بەلووچ وێڕای ستەمی ڕەگەزی، لەگەڵ ستەمی نەتەوایەتی و چینایەتیشدا بەرەوڕوون. نیزامی ئەمنی و سەربازیی حاکم بەسەر ئەم ناوچانەدا، ھەژاری ساختاری، بێبەش لە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و سەرکوتی سیاسی، بارودۆخێکی دروست کردووە کە ژیانی ژنان لەم ناوچانەدا بەرەو ڕووی ئاستەنگ بێتەوە. بەم حاڵەشەوە ژنانی کورد و بەلووچ لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی بەرچاویان لە نارەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکاندا بینیووە.

لەپاڵ ئەم گروپانەدا، کەسانی سەر بە کۆمەڵگەی پەلکەزێرینەکان لە ئێراندا  بەرەوڕووی سەرکوتێکی توند بوونەتەوە. یاساکانی کۆماری ئیسلامی نەک تەنیا ناسنامەی ڕەگەزی و گرایشی ڕەگەزی جیاوازیان بە ڕەسمییەت ناناسێ بەڵکوو بەرەورووی سزای توندیش دەبنەوە؛ وەک زیندان، شەلاق و تەنانەت لەسێرەدان. ژنانی پەلکەزێرینە لەم بارودۆخەدا بەرەورووی شێوازی جۆراوجۆری هەڵاواردن و توندوتیژی دەبنەوە.

ھەشتی مارسی ٢٠٢٦ وەبیرهێنەرەوەی ئەم راستییەیە کە خەبات بۆ ئازادی و یەکسانیی ژنان ناتوانێ جیا لە تێکۆشان دژ بە شەڕ، دیکتاتۆری، سەرمایەداری و ساختارە ئایینییە پیاوسالارانەکان بێ.

ئازادیی ژنان تەنیا کاتێک دەستەبەر دەبێت کە ئەم پێکهاتە سەرکەتگەرانە بەرەوڕووی ئاستەنگی جددی ببنەوە.

کۆڵبەرنیوز لەسەر ئەم بڕوایەیە کە یەکگرتووی نێوان بزوتنەوەی ژنان، بزوتنەوەی کرێکاری، بزوتنەوەی نەتەوەیی و باقی بزوتنەوە بەرابەری تەڵەب و  یەکسانیخوازەکان دەتوانن هۆکاری گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە کۆمەڵگادا بن. تەنیا لە ڕیگەی ئەم یەکگرتووییە بەرینەدایە کە دەکرێ لەبەرامبەر جەنگ، سەرکوت و نابەرابەریدا وەستا و ڕێگەی گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی خۆشبکرێ.

کۆڵبەرنیوز — ھەشتی مارسی ٢٠٢٦

کۆڵبەرنیوز

Next Post

چاوخشاندنێک بەسەر ڕەوتی شەڕ و زیانە مرۆییەکانی لە دەیەمین ڕۆژدا

د مارس 9 , 2026
بەرەبەیانی شەممە ٢٨ی فێوریەی ٢٠٢٦، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بەربڵاویان بۆسەر چەندین شار و ناوەندی سەربازیی ئێران دەستپێکرد. ئێستا، لە دەیەمین ڕۆژی ئەم شەڕ و تێکهەڵچوونەدا، وێنەیەکی ڕوونتر لە پێگەی سێ ئەکتەری سەرەکیی ئەم شەڕە بەدەست هاتووە: ئەمریکا و ئیسرائیل وەک دەستپێشخەرانی هێرشەکە، کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک لایەنی بەرانبەر […]

بابەتی پەیوەندیدار