
هیوا تاتایی هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ مانگ بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیدا، هێشتا لە دۆخێکی نادیاردا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، هیوا تاتایی بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری سنە گواسترایەوە. ناوبراو دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزراوە و تا ئێستا لەوێ ڕاگیراوە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیدا، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕوون سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی هیوا تاتایی کراون، بڵاونەکراوەتەوە.

