
مەنسوور قادرزادە، یووسف ئەمینی و عەلی شوکری، سێ هاووڵاتی و چالاکوانی کولتووریی خەڵکی بۆکان، دوای زیاتر لە دوو هەفتە دەستبەسەرکردن و لێکۆڵینەوە لە یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکاندا، بۆ زیندانی ناوەندیی بۆکان گوازرانەوە. بۆ ئازادکردنی کاتیی هەرکام لەم هاووڵاتییانە، بارمتەیەک بە بڕی دوو ملیار تمەن دیاری کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥، مەنسوور قادرزادە، یووسف ئەمینی و عەلی شوکری بەپێی ڕێزبەندی دوای ١٩، ١٦ و ١٣ ڕۆژ دەستبەسەرکردن و لێکۆڵینەوە لە یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکاندا، بۆ زیندانی ناوەندیی بۆکان گوازرانەوە. بەپێی زانیارییەکان، بەرپرسانی دادوەری بۆ ئازادکردنی کاتیی هەرکام لەوان بڕیاری بارمتەی دوو ملیار تمەنییان دەرکردووە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتەکانی دژیان یان ڕەوتی دادگایی دۆسیەی ئەم سێ هاووڵاتییە بڵاو نەکراوەتەوە. هەروەها ئەوان لە درێژەی ماوەی دەستبەسەرکردنیاندا لە مافی پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.
مەنسوور قادرزادە، تەمەن ٤٣ ساڵ، کوڕی ئەحمەد، خەڵکی گوندی «قالووی زیندان»ی سەر بە مەهاباد و دانیشتووی گەڕەکی «میراوا»ی بۆکان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥، لەلایەن هێزەکانی ڕژێم و بەبێ بڕیاری دادوەری دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
یووسف ئەمینی، مامۆستای خانەنشینکراوی تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی گوندی «عەلی ئاوا»ی بۆکان، ئێوارەی شەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥، لە کاتی هێرشی هێزەکانی ڕژێم بۆ سەر ماڵەکەی، بەبێ بڕیاری دادوەری دەستبەسەرکرا. ناوبراو پێشتریش بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمێکی هاوسەرگیری و پۆشینی جلی کوردی هاوڕەنگ لەگەڵ ژمارەیەک لە بەشداربووانی دیکە، بە سەرەڕۆیانە دەستبەسەرکرابوو.
عەلی شوکری، چالاکوانی کولتووریی خەڵکی بۆکان، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥، بە هێرشی هێزەکانی ڕژێم بۆ سەر شوێنی کارەکەی و بەبێ بڕیاری دادوەری دەستبەسەرکرا و بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی ورمێ گوازرابووەوە.

