
چوار هاووڵاتیی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی «ئاراس عەزیزی»، «هەژیر شەهنازی ئیلو»، «ئارتین کەلهوڕ» و «ئاریان عوسمانی» کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، دەستبەسەر کرابوون، لەگەڵ دۆسیەی ئەمنیی قورس ڕووبەڕوو کراونەتەوە و نیگەرانییەکان لەسەر ئەگەری دەرچوونی حوکمی قورس بۆیان زیادی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئاراس عەزیزی تەمەن ١٧ ساڵ، هەژیر شەهنازی ئیلو، ئارتین کەلهوڕ و ئاریان عوسمانی، وەرزشکاری کیکبۆکسێنک و پاڵەوانی پارێزگا، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ لە سەقز لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر کران و بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە گوازرانەوە. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ئاراس عەزیزی و ئاریان عوسمانی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراون، بەڵام ئارتین کەلهوڕ و هەژیر شەهنازی ئیلو هێشتا لە زیندانن و دۆخی دۆسیەکەیان نادیارە.
بەپێی بەڵگەنامە بەردەستەکان، هەموو ئەم کەسانە لەگەڵ تۆمەتی ئەمنی ڕووبەڕوو بوونەتەوە و لەژێر مەترسیی دەرچوونی سزای قورسدان. لەم پێوەندییەدا، بۆ ئاراس عەزیزی، لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی سەقز، تۆمەتگەلێکی وەک «تێکدانی ئاسایشی وڵات»، «هەنگاونان دژی ئاسایشی نەتەوەیی» و «هاوکاری لەگەڵ لایەنەکانی سەر بە ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕێگەی دروستکردنی بۆمبی ئاگرین بە مەبەستی نانەوەی پشێوی» خراوەتە پاڵ.
هەروەها سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەم لاوە لە ماوەی دەستبەسەریدا لەژێر گوشاری دەزگاکانی ئەمنی کۆماری ئیسلامیدا بووە و ناچار کراوە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی بدات.
لە بەشێکی دیکەی ئەم بەڵگەنامانەدا، هەژیر شەهنازی ئیلو تۆمەتبار کراوە بەوەی کە بە دروستکردنی بۆمبی ئاگرین و «دروستکردنی قەیرانی ئەمنی»، لە پێناو ئامانجەکانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) چالاکیی کردووە. لەم دۆسیەیەدا هەروەها گوتراوە کە ئەم پارتە پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ مۆساددا هەیە و هەژیر شەهنازی ئیلو لەژێر ڕێنوێنیی یەکێک لە ئەندامانی ئەو پارتەدا کاری کردووە. لەسەر ئەم بنەمایە، داوای جێبەجێکردنی توندترین سزای بۆ کراوە.
خستنەڕووی ئەم جۆرە تۆمەتانە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، بەتایبەت لە بارودۆخی ئێستادا، نیگەرانییەکی بەربڵاوی لەسەر ڕەوتی لێکۆڵینەوەی دادوەری، دۆخی دەستبەسەرکراوان و ئەگەری دەرچوونی حوکمی قورس بۆیان دروست کردووە.
شایانی باسە کە ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، ئاریان عوسمانی و هەژیر شەهنازی ئیلو، خەڵکی شاری ساحێب سەربە شاری سەقز، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی «حامید دلاوەری» خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر کرابوون.

