
بەهمەن نادری، زیندانیی سیاسیی پێشوو و هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان، دوای ۱۰۸ ڕۆژ دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازاد کرا. ئەم هاووڵاتییە بەشێک لە ماوەی دەستبەسەرکردنەکەی لە ژووری تاکەکەسی و لەژێر لێکۆڵینەوەدا لە گرتووخانەیەکی کرماشاندا بەسەر بردبوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پازدەی گوڵانی ۱۴۰۵، بەهمەن نادری دوای سێ مانگ و هەژدە ڕۆژ دەستبەسەرکردن، بە بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا. ناوبراو ڕۆژی بیست و هەشتی بەفرانباری ۱۴۰۴ لە کاتی هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆ سەر ماڵی تایبەتیی خۆی، بەبێ حوکمی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. ئەم هاووڵاتییە دوای ۲۵ ڕۆژ لێکۆڵینەوە و ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسیی یەکێک لە گرتووخانەیەکی کرماشان، بۆ زیندانیی دیزڵاوا گوازرایەوە و تا کاتی ئازادکردنی لەو زیندانەدا ڕاگیرا.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، بەهمەن نادری لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە مافی پارێزەر و چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە. هەروەها لە ماوەی ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسیدا، لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنیش بێبەش کرابوو.
بەهمەن نادری، خێزاندار و لەدایکبووی دوازدەی گوڵانی ۱۳۶۹، لە چالاکوانانی مەدەنیی خەڵکی کرماشانە کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بەهۆی چالاکییە ناڕەزایەتییەکان، بڵاوکردنەوەی بابەت و بانگەوازەکانی پەیوەندیدار بە ساڵیادی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی «ژینا» و چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕووبەڕووی بانگهێشتکردن، دەستبەسەرکردن و ڕاوەدوونانی دادوەری بووەتەوە.
پێداچوونەوە بە پێشینەی دادوەریی ئەم هاووڵاتییە نیشانی دەدات کە ناوبراو لە ساڵی ۱۴۰۲ تا ئێستا لانی کەم چوار جار لەلایەن ناوەندەکانی ڕژیم بانگهێشت یان دەستبەسەر کراوە و لە دۆسیە جیاوازەکاندا تۆمەتی وەک «پڕوپاگەندە دژی ڕژیم»، «کۆبوونەوە و مانگرتن بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» و «بێڕێزیکردن بە بەرپرسانی فەرمی» ڕووبەڕووی کراوەتەوە. لە ئەنجامی ئەم دۆسیانەدا، چەندین حوکم لەوانە زیندانیی تەعزیری، زیندانیی دواخراو و سزای دارایی بەسەردا سەپێنراوە.
لە یەکێک لەو دۆسیانەدا، بەهمەن نادری لە بیست و یەکی خەرمانانی ۱۴۰۲ و لە یەکەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی «ژینا» لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر کرا و دوای هەفتەیەک بە دانانی بارمتەی ۵۰۰ ملیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا. دوای ئەوە، لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی کرماشان لە حەوتی خاکەلێوەی ۱۴۰۳دا، ناوبراوی بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕژیم» بە شەش مانگ زیندانیی تەعزیری و پێدانی هەشت ملیۆن تمەن سزای دارایی سزاداوە.
ناوبراو هەروەها لە هەشتی ڕێبەندانی ۱۴۰۲ دوای بانگهێشتکردنی بۆ دادگای گشتی و شۆڕشی کرماشان، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بانگەوازی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕژێم»ی ئاڕاستە کرا و دوای چەند کاتژمێرێک دەستبەسەرکردن، بە بارمتەی ۴۰۰ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا. لە درێژەی ئەم دۆسیەیەدا، لە سێزدەی گوڵانی ۱۴۰۳ بۆ پێشکەشکردنی دوایین بەرگری بانگهێشتی دادگای شۆڕشی کرماشان کراوە.
بەهمەن نادری لە بیستی خەرمانانی ۱۴۰۳دا هاوکات لەگەڵ دووەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی «ژینا» جارێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کرایەوە. ناوبراو دوای نزیکەی مانگێک دەستبەسەرکردن لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سوپا لە کرماشان و کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، بۆ زیندانیی دیزڵاوا گوازرایەوە و لە نۆی خەزەڵوەری ۱۴۰۳ بە دانانی بارمتەی ۶۰۰ ملیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.
هەروەها لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی کرماشان لە بیست و یەکی سەرماوەزی ۱۴۰۳دا، ئەم هاووڵاتییەی بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕژێم» بە ساڵێک زیندانی دواخراو و پێدانی ۱۰ ملیۆن تمەن سزای دارایی سزاداوە. لە دۆسیەیەکی دیکەشدا، لقی ۱۰۵ی دادگای تاوانەکانی دووی کرماشان لە نۆزدەی بەفرانباری ۱۴۰۳دا ناوبراوی بە تۆمەتی «بێڕێزیکردن بە بەرپرسانی فەرمی و هێزەکان» بە شەش مانگ زیندانیی تەعزیری سزاداوە.
دەوترێت لاپەڕەی ئینستاگرامی بەهمەن نادری بە فەرمانی بەرپرسانی دادوەری داخرابوو.

