ئیلام؛ ئەحمەد عەلیزادە بە دوو ساڵ زیندانیی و سزای تەواوکاری سزادرا

ئەحمەد عەلیزادە، چالاکوانی مەدەنی و مامۆستای خانەنشینکراوی خەڵکی ئاودانان، بە دەرچوونی سزایەکی نوێ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیلام، بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری و کۆمەڵێک سزای تەواوکاری سزادرا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوبراو لە ئێستادا خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی دوورخستنەوەی زۆرەملێیە لە شاری فەنووج سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لقی دادگای شۆڕشی ئیلام بە سەرۆکایەتی دادوەر «ڕەجەب محەمەدی» بەم دواییانە سزای نوێی ئەم چالاکە مەدەنییە تەمەن ٥٣ ساڵانەی بە ئامادەبوو لە دادگا پێ ڕاگەیاندووە. بەپێی ئەم سزایە، ئەحمەد عەلیزادە لەبەرانبەر تۆمەتەکانی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران»، «پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی گرووپە نەیارەکانی ڕژێم» و «سوکایەتیی بە دامەزرێنەر و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی» بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیریی پلە پێنج، بە ئەژمارکردنی ڕۆژانی دەستبەسەرکردنی پێشووی، سزادراوە.

بەپێی بڕیارە دەرچووەکە، دادگا هەروەها وەک سزای تەواوکاری، ناوبراوی بە ساڵێک قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات، پووچەڵکردنەوەی پاسپۆرت و ئەنجامدانی هەزار و هەشتا کاتژمێر خزمەتگوزاریی گشتیی خۆڕایی لە شارەوانیی ئاوداناندا سزاداوە.

ئەحمەد عەلیزادە پێشتریش لە ڕاپەرینی شۆڕشگێڕانەی «ژینا» لە کۆتاییەکانی خەرمانانی ١٤٠١ و جارێکی تر لە حەڤدەی سەرماوەزی ١٤٠١ لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کرابوو. دوای ئەوەش بە بڕینی بەشێک لە مووچەکەی، سزای خانەنشینکردنی زۆرەملێی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو لە دۆسیەی پێشووی خۆیدا بە تۆمەتەکانی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش»، «پڕوپاگەندە دژی ڕژێم» و «شێواندنی بیروڕای گشتی» بە ٢٧ مانگ زیندانیی تەعزیری، دوو ساڵ دوورخستنەوە لە خزمەت، ساڵێک بێبەشبوون لە چالاکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و دوو ساڵ دوورخستنەوە سزادرابوو. ناوبراو دوای تێپەڕاندنی بەشێک لە ماوەی بەندکردنی لە زیندان و پێنج مانگ زیندانیی ماڵەوە بە چاودێری ئەلیکترۆنی، لە بیست و حەوتی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بۆ جێبەجێکردنی سزای دوو ساڵ دوورخستنەوەی زۆرەملێ گوازرایەوە بۆ شاری فەنووج لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و هێشتا لەوێ زیندانییە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

خۆراسانی باکوور؛ ئاریا نوورانی، مامۆستای کورد، سزای ١٤ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا

س ژوئن 30 , 2026
ئاریا نوورانی، هاووڵاتیی کورد، مامۆستای وەزارەتی پەروەردە و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لە شاری مانە و سەملەقان، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای ١٤ مانگ زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئاریا نوورانی بەم دواییانە لەلایەن دەزگا دادوەرییەکانی پارێزگای خۆراسانی باکوور سزای ١٤ مانگ زیندانیی […]

بابەتی پەیوەندیدار