سەقز؛ سزادانی بێهزاد ڕەسووڵی بە ٨ ساڵ زیندانی تەعزیری

بێهزاد ڕەسووڵی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٣ ساڵی خەڵکی سەقز، لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە ٨ ساڵ زیندانی تەعزیری سزا درا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، دواکات بێهزاد ڕەسووڵی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر “جەواد غەفاری”، بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکان» سزای ٨ ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپاوە و ئێستا لە زیندانی ناوەندیی سەقز خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیەتی.

ئەم حوکمە لە کاتێکدا دەرچووە کە ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە ناڕەزایەتی بە بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی کاتی، گوشارە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و بێبەشکرانی لە دیدار لەگەڵ منداڵە تەمەن بچووکەکەی، دەستی دابووە مانگرتنی درێژخایەن لە خواردن و بۆ ماوەی ٧٠ ڕۆژ لە مانگرتندا بوو. لە کاتی ئەم مانگرتنەدا، باری تەندروستیی ناوبراو بەتەواوی تێکچووبوو، بەجۆرێک کە دوای دابەزینێکی بەرچاوی کێشی، بۆ نەخۆشخانەی «خومەینی» لە سەقز گوازرابووەوە، بەڵام لەوێشدا ئامادە نەببوو هیچ جۆرە دەرزی و دەرمانێک (سیرۆم) وەربگرێت.

بێهزاد ڕەسووڵی ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٤، لە کاتی سەفەر بۆ ئەسفەهان و لە کاتێکدا کە دەیویست سەردانی منداڵەکەی بکات، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای دەستبەسەرکرانی، بۆ ماوەی چەندین هەفتە لە زیندانەکانی ئەسفەهان لەژێر لێپرسینەوە و گوشاری دەروونیدا بووە و لە کۆتاییدا بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز گوازرابووەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

پیرانشار؛ دەستبەسەرکردنی توندوتیژانەی عەبدوڵڵا نەبی‌زادە و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار

س مه 5 , 2026
عەبدوڵڵا نەبی‌زادە، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «چیانە» سەر بە شاری پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٤ی گوڵانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژیم لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەیانیدا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی عەبدوڵڵا نەبی‌زادە و بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بڕیارێکی دادوەری و بە پەنابردنە […]

بابەتی پەیوەندیدار