سنە؛ یەکێک لە سزاکانی لەسێدارەدانی یوسف ئەحمەدی بۆ زیندان و خوێنبایی گۆڕدرا

یەکێک لە سزاکانی لەسێدارەدانی یوسف ئەحمەدی، زیندانیکراو لە زیندانی سنە، بە بڕیاری لقی یەکەمی دادگای سزاکانی پارێزگای کوردستان هەڵوەشێنرایەوە و بۆ پێدانی خوێنبایی و ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری گۆڕدرا. هاوکات، سزای لەسێدارەدانەکەی بە تۆمەتی یاخیبوون هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە و پارێزەرەکانی بۆ جاری سێیەم داواکاریی پێداچوونەوەی ئەم دۆسیە پێشکەش بە دیوانی باڵای وڵات کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٥، لقی یەکەمی دادگای سزاکانی پارێزگای کوردستان یەکێک لەو سزایانەی لەسێدارەدانی کە بەسەر یوسف ئەحمەدی سەپێندرابوو، هەڵوەشاندەوە و سزاکەی بۆ پێدانی خوێنبایی و دە ساڵ زیندانیی تەعزیری گۆڕیوە.

ئەم زیندانییە لە دۆسیەیەکی جیاوازیشدا بە تۆمەتی «یاخیبوون» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە. ئەم سزایە تا ئێستا دوو جار لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کراوەیەوە و پارێزەرەکانی بۆ جاری سێیەم داواکاریی پێداچوونەوە و دادگاییکردنەوەی دۆسیەکەیان پێشکەش کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، سزای لەسێدارەدانی یوسف ئەحمەدی بە تۆمەتی «یاخیبوون» لە ساڵەکانی ١٤٠٢ و ١٤٠٣دا لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە و ئەنجامی پێداچوونەوە بە داواکارییەکانی پێشووی پارێزەران بە زارەکی پێیان ڕاگەیەندراوە.

یوسف ئەحمەدی لەگەڵ محەممەد کەریمی، عەبدولباست کەریمی و محەممەد فەیزی، سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بانە، لە دۆسیەیەکی هاوبەشی دادوەری لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. ڕاپۆرتەکانی دۆسیەکە دەڵێن کە ئەم چوار هاووڵاتییە لە کاتی لێپرسینەوەدا لە گرتووخانەکانی سنە لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها پەیوەندیکردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.

هەروەها ڕاپۆرت دراوە کە ئەم هاووڵاتیانە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ خراونەتە ژێر گوشار و لێدان و ئەشکەنجەدان.
ئەم چوار زیندانییە تا ئێستا مافی ئازادکردنی کاتییان پێنەدراوە. یوسف ئەحمەدیش زیاتر لە شەش ساڵە لە دەستبەسەری و زینداندایە و لە ئێستاشدا لە زیندانی سنە زیندانییە.

سەبارەت بە پێشینەی ئەم دۆسیەیە، یوسف ئەحمەدی و سێ تۆمەتبارەکەی دیکە لە سەرەتای مانگی گوڵانی ١٣٩٩ دەستبەسەر کران. لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە لە خەرمانانی ١٤٠٢دا یوسف ئەحمەدی بە تۆمەتی «یاخیبوون» بە لەسێدارەدان سزادرا و هەروەها محەممەد کەریمی، عەبدولباست کەریمی و محەممەد فەیزی بە تۆمەتی «هاوکاریکردن لە یاخیبوون» بە زیندانی درێژخایەن سزادران.

لە درێژەدا، لە ڕێبەندانی ١٤٠٢ سزای لەسێدارەدانی یوسف ئەحمەدی بە تۆمەتی «یاخیبوون» لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

مەریوان؛ دەستبەسەرکردنی توندوتیژانەی خەبات فەدایی، هونەرمەند و دەستبەسەرکراوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا

چ سپتامبر 9 , 2026
خەبات فەدایی، هونەرمەندی خەڵکی سەوڵاوا و دەستبەسەرکراوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە مەریوان لەلایەن هێزەکانی ڕژێم و بە توندوتیژی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژێم بەبێ بڕیاری دادگا، خەبات فەدایی لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە […]

بابەتی پەیوەندیدار