مەریوان؛ دەستبەسەرکردنی توندوتیژانەی خەبات فەدایی، هونەرمەند و دەستبەسەرکراوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا

خەبات فەدایی، هونەرمەندی خەڵکی سەوڵاوا و دەستبەسەرکراوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە مەریوان لەلایەن هێزەکانی ڕژێم و بە توندوتیژی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژێم بەبێ بڕیاری دادگا، خەبات فەدایی لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری مەریوان دەستبەسەر کردووە. لە کاتی ئەم دەستبەسەرکردنەدا، هێزەکانی ڕژێم بە توندوتیژی هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا کردووە و دوای گواستنەوەی، بنەماڵەکەی لە شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی ناوبراو بێئاگان.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردنەوەی خەبات فەدایی، تۆمەتەکانی دژی و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هونەرمەندە لەبەردەستدا نییە.

خەبات فەدایی پێشتریش لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، لە ٢ی ڕەزبەری ١٤٠١، لەلایەن هێزەکانی ڕژێم لە تاران دەستبەسەر کرا و دوای کۆتایی هاتنی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ئەوین گوازرایەوە. ناوبراو سەرەنجام لە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتە و بە کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ئەم هونەرمەندە دواتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی وەرامین بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەشکان ڕامش دادگایی کرا. ناوبراو بە تۆمەتی «چالاکیی بانگەشەیی دژی ڕژێم» بە ساڵێک زیندان و بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە گرووپ و کۆمەڵەکان بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» بە پێنج ساڵ زیندانیی تەعزیری سزادرابوو.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

تاران؛ فوئاد فەتحی، چالاکوانی کرێکاری دوای چوار ساڵ لە زیندانی ئێڤین ئازادکرا

چ سپتامبر 9 , 2026
فوئاد فەتحی، چالاکوانی کرێکاری و زیندانیی سیاسی، دوای تێپەڕاندنی تەواوی ماوەی سزای چوار ساڵەی، لە زیندانی ئێڤین ئازادکرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٥، فوئاد فەتحی، چالاکوانی کرێکاریی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران، دوای کۆتاییهاتنی سزای چوار ساڵەی، لە زیندانی ئێڤین لە تاران ئازادکرا. فوئاد فەتحی پێشتر لەلایەن […]

بابەتی پەیوەندیدار