
فوئاد فەتحی، چالاکوانی کرێکاری و زیندانیی سیاسی، دوای تێپەڕاندنی تەواوی ماوەی سزای چوار ساڵەی، لە زیندانی ئێڤین ئازادکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٥، فوئاد فەتحی، چالاکوانی کرێکاریی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران، دوای کۆتاییهاتنی سزای چوار ساڵەی، لە زیندانی ئێڤین لە تاران ئازادکرا.
فوئاد فەتحی پێشتر لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە چوار ساڵ زیندانیی تەعزیری، دوو ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوە لە وڵات، دوو ساڵ قەدەغەی ئەندامێتی لە گرووپ و ڕێکخراوەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دوو ساڵ قەدەغەی نیشتەجێبوون لە تاران و دەوروبەری سزادرابوو، و سزاکە لە ١١ی سەرماوەزی هەمان ساڵدا پێی ڕاگەیاندرابوو. “ئەندامبوون لە گرووپەکانی دژبەری سیستەم” و “هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات” لەنێو ئەو تۆمەتانەدا بوون کە ئاڕاستەی کرابوون.
ناوبراو لە ١٣ی خەزەڵوەر لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەرکرا و دواتر بۆ زیندانی ئێڤین گوازرایەوە. فوئاد فەتحی بەهۆی چالاکییەکانی مەدەنی و کرێکاری لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار دەستبەسەر کراوە و کەوتووەتە بەر گوشار و ئازار و ئەشکەنجە.
لە سەردەمی زیندانیدا، داواکاریی ئازادکردنی مەرجداری ناوبراو لە ڕێبەندانی ١٤٠٣ بەهۆی دژایەتیی لایەنی پەیوەندیداری دادوەری ڕەتکرایەوە؛ ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی ماوەی سزاکەی تێپەڕاندبوو.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، فوئاد فەتحی وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە “گوشار و ئازاردانی ئامانجدار دژی زیندانییانی سیاسی” لە زیندانی ئێڤین مانی لە خواردن گرت و دەرمانەکانی نەدەخوارد. ئەم هەنگاوە بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی تووشبوونی بە هەوکردنی سییەکان و پێویستیی بە چاودێریی پزیشکی، نیگەرانیی سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی دروست کردبوو.

