دوو کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی سەقز و ڕەوانسەر بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی- بانە و سنووری نەوسوود بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، کاوە سەعیدپوور کۆڵبەری تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی شاری سەقز بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە “لاقی” بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکە، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، سۆبحان مەحموودی کۆڵبەری خەڵکی شاری ڕەوانسەر بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود “لاقی”بریندار بووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی هەنگی مەرزی بە دەمانچەی ساچمەیی تەقەیان لە سۆبحان مەحمودی کردووە.
بە پشتبەستن بەو ئامارەی لە کۆڵبەرنیوز تۆمار کراوە، لە ١ی ڕەزبەر تا ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، بە گشتی ١٤١ کۆڵبەر بەتایبەت ٨ تازە لاوی خوار تەمەن ١٨ ساڵ، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، لێدان و ئازاردان لەلایەن هێزە سەبازییەکانی ڕژیم، کەوتنە سەر مین، کوژراو و برینداربوون.
لەم ژمارەیە بەگشتی ٧ کۆڵبەر کوژراون و ١٣٤ کۆڵبەر برینداربوون. لە کۆی گشتی ئەو ١٤١ کۆڵبەرەی کە کوژراو و برینداربوون، ١٢٩ حاڵەت (٩٣%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانەوە بووە.