پێویستیی سەپاندنی حەقدەستی زیاتری کرێکارانی شارەوانییەکان بەسەر ڕێژیمدا

بەپێی هەواڵی میدیاکان، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٠ تا ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، کرێکارانی شارەوانییەکان شەست چالاکیی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە، کە بەشێک لە داواکارییەکانیان بریتیی بوون لە زیادکردنی حەقدەست و وەرگرتنی حەقدەستە وەدواکەوتووەکان، یان ئەو داواکارییانەی کە دەبنە هۆکاری باشتربوونی بژێوی ژیانیان. ئەڵبەت ئەم کرێکارانە لە نیوەی دووەمی دەیەی ١٣٩٠ و بەتایبەتی لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی ١٣٩٩شدا چەندین ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دواکەوتنی حەقدەستەکانیان بۆ ماوەی چەند مانگ و هەروەها نەدانی بیمەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بەڕێوە بردووە، بەڵام لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٠ و لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، هەم ناڕەزایەتییەکان و هەم ژمارەی ئەو شارانەی کە کرێکارانی ناڕازییان هەیە، زیادی کردووە. ئەم کرێکارانە، کە ئەرکی پاراستنی فەزای سەوز و پاککردنەوەی شار و کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکیان لە ئەستۆیە، لە کاتەکانی وەک بارانبارینی بەخوڕیشدا، که دەبێتە هۆی گیرانی شەقام و ڕێڕەوەکانی شار، دەبێ وەک هێزی فریاگوزاری کاربکەن بۆ خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵ و گیرانی ڕێڕەوی ئاوی شارەکان. ئەم کرێکارانە هێزی پەیمانکارین و بە گرێبەستی کاتی کاردەکەن. حەقدەستی بەشێک لەو کرێکارانە ڕاستەوخۆ لەلایەن شارەوانییەکانەوە دەدرێت و بۆ ژمارەیەکی دیکەشیان، شارەوانییەکان بودجەیەک دەدەن بەو پەیمانکارەی کە لایەنی گرێبەستەکەیانە و دەبێ حەقدەست و بیمەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئەو کرێکارانە، لەو بودجەیە بدرێت، بەڵام زۆربەی پەیمانکارەکان شێوازی خەرجکردنی ئەم بودجەیە پێشێل دەکەن و لەبری دابینکردنی حەقدەستی کرێکارەکان، لە پێناو بەدەستهێنانی قازانج و لە دەرەوەی بەڵێنییەکانیان، سەرمایەگوزاری دەکەن.

گرنگترین کێشە و گرفتی زۆربەی کرێکارانی شارەوانییەکان، هەروەک زۆرجار باسیان کردووە، بریتییە لە گوڕین و نەهێشتنی ئەو پەیمانکارە گەندەڵ و پێشێلکارانە، چونکە پەیمانکاری نوێ، ئامادە نییە بەڵێنی و ئەرکە بەجێ نەهێنراوەکانی پەیمانکاری پێشوو قبوڵ بکات و شارەوانییەکانیش ئامادە نین حەقدەست و داواکارییە نەدراوەکانی ئەم کرێکارانە دابین بکەن. ئەم کرێکارە ناڕازییانە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە شارەوانییەکان کە لە ڕاستیدا بە خاوەنکاری سەرەکی دادەنرێن، بە پێی یاسا پێویستە بەرپرسیارێتی حەقدەستە نەدراوەکان قبوڵ بکەن. ئەو کرێکارانە جگە لە داواکارییە سەرەکییەکانیان واتە زیادکردنی حەقدەست و باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان، کۆمەڵێک ویست و داواکاریی دیکەشیان هەیە کە نەهێشتنی پەیمانکارەکان یەکێکە لەوانە. زۆرێک لە کرێکارانی شارەوانییەکان بە توندی لە پەیمانکارەکان ناڕازین و خوازیاری دوورخستنەوەیان و بەستنی گرێبەستی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خاوەنکاری سەرەکیی و دابینکردنی ئەمنییەتی پیشەیی خۆیانن. چونکە پەیمانکارەکان جگە لەوەی کە بەشێک لە حەقدەستی کرێکارەکان دەدزن، یارمەتییەکانیشیان بە تەواوی پێنادەن. شارەوانییەکان بەو داهاتە زۆر و زەوەندەیان، یەکێکن لە گەندەڵترین ئۆرگانە جێبەجێکارەکانی کۆماری ئیسلامی. ئەم گەندەڵییە ڕۆڵی سەرەکیی هەیە لە دیاریکردنی پەیمانکارەکان و یان گواستنەوەیان. بەڵام گەندەڵی لە بواری دانانی پەیمانکارەکان، بچوکترین بواری گەندەڵییە لە شارەوانییەکاندا. ڕەهەندەکانی گەندەڵی لەم ڕێکخراوەدا، پێویستە لە دزی و گەندەڵی و بە تایبەت خەرجییەکان و دامەزراندنی بەرپرسە باڵاکانی ئەم ئیدارەیەدا ببینرێت. بۆ نموونە کاتێک قاڵیباف سەرۆکی شارەوانی تاران بوو، محەممەد عەلی نەجەفی چل و چوارەمین سەرۆکی شارەوانی تاران و بکوژی هاوسەرەکەی، ناوبراوی بە شتگەلێک تۆمەتبار کرد کە بۆ هەمووان جێگەی سەرسوڕمان بوو. نەجەفی بە فەرمی محەممەدباقر قاڵیبافی بە کۆمەڵێک گەندەڵی هەر لە خراپ بەکارهێنانی داراییەوە بگرە تا پێشێلکاریی وەک گرێبەستە ساختە ملیارد دۆلارییەکان و سەرمایەگوزارییە جێگەی پرسیارە داراییەکانی سندووقی خانەنشینی فەرمانبەرانی شارەوانی، لە پڕۆژە گوماناوییەکاندا و دامەزراندنی بەکۆمەڵی ١٣ هەزار کەس لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکان و هەروەها بەخشینی ٦٧٠ موڵک، بە کەس و دامەزراوەکان و خەرجکردن و بەفیڕۆدانی ملیاردها دۆلار لە مزگەوت و گروپە ئاینییەکاندا تۆمەتبار کرد.

ئەڵبەتە دز و گەندەڵکارانی وەک خودی قاڵیباف، ئەگەر سەرکوتگەر و ئەشکەنجەگەرێکی بێبەزەیی و شتێکی لەو چەشنە بووبێتن، تەنانەت پلە و پایەشیان بەرز کراوەتەوە. بەڵام هاوشێوەی ناوەندەکانی دیکە، ئەوە کرێکارانی شارەوانییەکانن کە بەدەست بوونیی گەندەڵیی لەڕادەبەدەر لە شارەوانییەکاندا دەناڵێنن و زیان دەبینن، کە نەدانی حەقدەستەکانیان، تەنیا یەکێکە لەوانە و ئەڵبەتە، گرنگترینیانە.

جگە لە دزی و تاڵان و بڕۆ، خەرجکردنی بودجەیەکی ئێجگار زۆر بۆ مەراسیمە ئاینییەکانی وەک ڕێپێوانی گروپەکان بۆ شارە ئاینییەکانی عێراق، یەکێکە لەو نموونانەی کە بودجەیەکی زۆر بەفیڕۆ دەدات. لێنانی خواردنی نەزری و دابینکردنی هەزینەی مزگەوت و گرووپە ئاینیەکانیش، خەرجێکی زۆر دەخاتە سەر بودجەی شارەوانییەکان. هەموو ئەمانە کە بەکردەوە لە گیرفانی کرێکاران دەدرێت، بەرپرسانی پەیوەندیدار لە کاربەدەستانی سەرەوە نزیکتر دەکەنەوە. سەرەڕای ئەو هەموو دزیی و بەتایبەتی خەرجییە زۆر و زەوەندانە، بەڵام هێشتا بودجەی پێویست هەیە بۆ زيادکردنی حەقدەست و پێدانی حەقدەستە وەدواکەوتووەکانی کرێکارانی کەرتە جیاوازەکان، کە دەبێت بەزۆری خەبات و تێکۆشان لە دەسەڵات وەربگیرێت.

هەروەک ئاماژەی پێکرا کرێکارانی شارەوانییەکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا گەلێک ناڕەزایەتی بەربڵاویان بەڕێوە بردووە. بەڵام لە ئاکامی سەرجەم ئەو خەبات و ناڕەزایەتیانەدا، نەک هەر هیچ دەستکەوتیان بەدەست نەهێناوە، بەڵکوو لە هەندێک حاڵەتدا هەڵسووڕاوانیان لەگەڵ گرتن و دەرکردن و جەریمەش بەرەوڕوو بوونەتەوە. بێگومان بەرەوپێشچوونی بەشێنەیی پڕۆسەی خۆڕێکخستن و پرش و بڵاویی، یەکێکە لە خاڵە لاوازە هەرە گرینگەکانی خەباتی کرێکاریی، کە ئەمە لە نێو کرێکارانی شارەوانییەکاندا، گەلێک بەرچاوترە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە پیشەی ئەو کرێکارانە زۆر پرش و بڵاوە. بۆ نموونە ئەگەر جۆرێک لە هەماهەنگی و خۆڕێکخستن لە نێو پەرستاران و کرێکارانی نەوت و خانەنشینانی کرێکاریدا بەرچاو دەکەوێت و هەڵسووڕاوان کار دەکەن بۆ بەهێزکردنی، ئەو شتە لە پێوەند لەگەڵ کرێکارانی شارەوانییەکاندا نابینرێت. پێویستە هەڵسووڕاوانی کرێکاریی بەوردی لە هۆکارەکانی ئەم بابەتە بکۆڵنەوە و ڕێگاچارەی گونجاو بۆ هەماهەنگ کردن و لێک هەڵپێکران و یەکخستنی خەبات و ناڕەزایەتییەکان بدۆزنەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

مهاباد؛ محەممەد ڕەزا قەیتەرانی، بۆ سزای بەندکردنی ڕەوانەی زیندان کرا

س نوامبر 12 , 2024
محەممەد ڕەزا قەیتەرانی، هاوڵاتی شاری مهاباد پاش بانگهێشتکرانی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی مهاباد، دەستگیر کرا و بۆ بەسەربردنی سزای ٦ مانگ بەندکردن بۆ گرتووخانەی شاری مهاباد گواسترایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ محەممەد ڕەزا قەیتەرانی، هاوڵاتی ٢٢ ساڵانی خەڵکی شاری مهاباد پاش بانگهێشتکرانی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی […]

You May Like