ئومید شاه محەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە، و هیوو قوڕەیشی، چالاکانی پیشەیی مامۆستایانی دیواندەرە، لەلایەن لێژنەی سەرەتایی بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییە ئیدارییەکانی فەرمانبەرانی پەروەردەی کوردستان، بە دەرکران لە شوێنی کار و دوورخرانەوە سزا دران.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بە وتەی شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییە فەرهەنگییەکانی ئێران، ئومید شاه محەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی بە دەرکران لە شوێنی کار و دوورخرانەوە سزا دراون.
وەک لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، به پێی ئەم سزایە کە لەم دواییەدا لەلایەن لێژنەی سەرەتایی بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییە ئیدارییەکانی فەرمانبەرانی پەروەردەی پارێزگای کوردستان دەرچووە و بەم چالاکە پیشەییانەی مامۆستایان ڕاگەیەندراوە، ئومید شاه محەممەدی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی لە کار دەرکراون و پەرویز ئەحسەنی بە ٥ ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری قوڕوە سزا دراوە.
لە سەرماوەزی ١٤٠١دا ئومید شاه محەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی، لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە سزای زیندانیان بەسەردا سەپا. شایانی باسە ئومید شاه محەممەدی لە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردنی ڕەوانەی گرتووخانەی بیجاڕ کراوە. ئەم چالاکە لە پووشپەڕی ١٤٠٢ بە پێبەندی ئەلیکترۆنییەوە لە گرتووخانەی بیجاڕ ئازاد کرا. ئەم هاوڵاتیانە لە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە دیواندەرە دەستگیر کران و بۆ لێپرسینەوە لەگەڵیاندا بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترانەوە. لە ٦ی خەرمانانی ١٤٠١ ئەم چالاکانە بە دانانی بارمتە بە بڕی ملیاردێک و ٥٠٠ ملیۆن تمەن بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی پرۆسەی یاسایی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کران. لەنێو ئەم چالاکانەدا، ئومێد شاه محەممەدی لە ڕابردووشدا بەهۆی چالاکییەکانیەوە دەستگیر کراوە و سزا دراوە.