ناوەندە ئەمنییەکان لە شاری مەریوان هێشتا لە فشارخستنە سەر چالاکانی مەدەنی و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ بەردەوامن. لە نوێترین هەنگاویاندا، ئەندامانی کۆمیتەی ماڵی ئینسان، کە لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی مەریوان چالاکییان هەیە بانگهێشتکراون و لێپرستنەوەیان لەگەڵدا کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، کۆمیتەی ماڵی ئینسان، کە لەلایەن کۆمەڵێک لە گەنجانی دڵسۆز بۆ باشترکردنی دۆخی گەڕەکە هەژارنشینەکانی مەریوان دروست بوون، لە چەند ساڵی ڕابردوودا چالاکییەکی کاریگەرییان لە بوارە جیاوازەکانی وەکو تواناسازی ژنان، هاوکارییەکانی مرۆڤدۆستانە و دانانی کتێبخانە گشتییەکان هەبووە.ئەم کۆمیتەیە بە تایبەت لە ماوەی پەتای کۆرۆنادا بە هاوکارییە پزیشکییەکانیان بە کەسانی زیان لێکەوتوو، ڕۆڵێکی کاریگەرییان هەبووە. سەرەڕای ئەمەش چالاکییەکانی ئەم کۆمیتەیە بە دژایەتی ڕاستەوخۆی ناوەندە ئەمنییەکان ڕووبەڕوو بووە. ئەم ناوەندانە بە بانگهێشت کردن و لێپرسینەوەی ئەندامانی کۆمیتەکە، هەوڵ دەدەن تا چالاکییەکانیانی ئەوان سنووردار بکەن و لە چالاکییە مەدەنییەکانی خۆیان دوور بخەنەوە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا فشاری ناوەندە ئەمنییەکانی شاری مەریوان بۆ بنەماڵە و کەسوکاری ئارام فەتحی زیادی کردووە. لە دوو مانگی ڕابردوودا چەندین کەس لە هاوکارانی پێشووی ئارام فەتحی کە لە ئەنجوومەنەکانی خەڵکی شاری مەریوان چالاکی دەکەن بەهۆی پێوەندی پێشوویان لەگەڵ ئەم شاعیر و چالاکەی مافی مرۆڤ بۆ چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە و هەڕەشە و فشاریان بە مەبەستی سیخوڕی کردنیان لە دۆخی ئارام فەتحی لێ کردوون. دوو مانگ لەمەوپێش چەندین کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی ئارام فەتحی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بانگهێشتکران و بۆ چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرابوو. لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری مەریوان پێوەندی بە هەموو ئەندامانی بنەماڵەی ئارام فەتحی کردووە و هەڕەشەی لێیان کردووە کە ئەگەر خوشکی ئارام فەتحی بە ناوی ئارینا فەتحی، بە مەبەستی لێپرسینەوە لەگەڵیدا لەبارەی براکەیەوە خۆی ڕادەستی ئیتلاعاتی مەریوان نەکات ئەوا بەڵگەنامەی یاسایی لەدژی دەکرێتەوە.
ئارام فەتحی، لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری مەریوانەوە دەستبەسەرکراوە، لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە و بە کوشتن هەڕەشەی لێکرابوو. ئێستا ئەم فشارە لەکاتێکدا بەرامبەر بنەماڵە و کەسوکاری ئارام فەتحی دەکرێت کە ئەم چالاکە ئێرانی بەجێهێشتووە و لە وڵاتی فەڕانسە پەناهەندەیە.