“سرووش نووربەخش”، خوێندکاری زانکۆ و ئاوازدانەری شاری مهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری مهابادەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، سرووش نووربەخش، خوێندکاری زانکۆ و ئاوازدانەری شاری مهاباد، پاش بانگهێشتکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری مهاباد دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. سرووش نووربەخش، تەمەن ٢٥ ساڵ و خوێندکاری بەشی مۆسیقای کلاسیکی جیهانی «گیتاری کلاسیک» لە زانکۆی هونەری تارانە. بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم خوێندکارە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بۆ زانینی چارەنووسی ناوبراو تا ئێستا بێ ئەنجام بووە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە شوێنی مانەوە و هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتییە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.