توندتر بوونەوەی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

ڕۆژی ١٨ی ئاوریلی ٢٠٢٥، بەرامبەر بە ٢٩ی خاکەلێوە، ڕێک مانگێک بەسەر هێرشی سەر لەنوێی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەدا تێپەڕی. لە ماوەی ٣٠ ڕۆژی ڕابردوودا، چڕی هێرشەکانی ئیسرائیل گەیشتۆتە ئاستێک کە “تەنها لەگەڵ هەفتەکانی سەرەتای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بەراورد دەکرێت”. بە وتەی بەڕێوەبەری گرووپی چاودێری شەڕی ئاسمانی “ئیرۆرز”. تەنها لەم ماوەیەدا زیاتر لە ١٦٠٠ کەس کوژراون و ٤٣٠٠ کەسیش بریندار بوون، کە خوێناویترین ڕۆژەکانی ٢٠٢٣ێش لەخۆ دەگرێت. لە هەمان کاتدا، دەوڵەتەکان و سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا پشتگیرییەکانی خۆیان بە بێدەنگییەکی واتادار شاردووەتەوە.

ئەرتەشی ئیسرائیل و خودی نەتانیاهۆ بە کەڵک وەرگرتن لە ئاژاوەی مانگی سێیەمی سەرۆک کۆماریی ترامپ، نەک هەر بۆردومانەکانی ئیسرائیلیان دەست پێکردووەتەوە، بەڵکوو هێرشی نوێی زەمینییان بە تایبەت لە باشووری غەززە دەست پێکردووە. ناوبراو بە دەرکردنی فەرمانی دروستکردنی”ڕێڕەوی مۆراگ”، شاری ڕەفەحی لە خان یۆنس جیا کردەوە و هەزاران فەلەستینی سەرلە نوێ ئاوارە و دەربەدەر کرد. ئەم ناوچە ١٢ کیلۆمەترییە کە ڕۆژهەڵاتی غەززە لە ڕۆژئاوا دادەبڕێت، پانتاییەکی زۆر زەوی کشتوکاڵی و ئەو ناوچانە لەخۆ دەگرێت کە پێشتر وەک “ناوچەی مرۆڤدۆستانە” ڕاگەیەندرابوون. ئیسرائیل کاتز وەزیری جەنگی ئیسرائیل، هۆشداری داوە کە ” هێرشی هێزە بەرگرییەکانی ئیسرائیل، بە زوویی ناوچەیەکی بەربڵاوتر لە سەرانسەری غەززە دەگرێتەوە.” بە سەربازەکانیان وتووە کە هەموو دانیشتوانی غەززە دوژمنن. لەو کاتەوە کە ئەرتەشی ئیسرائیل بە فەرمانی نەتانیاهۆ ئاگربەستی شکاند، ژیان لە غەززە بە تایبەت بۆ هێزەکانی فریاکەوتن و ستافی پزیشکی، هەرچی زیاتر لەگەڵ مەترسی مەرگ بەرەوڕوو بووەتەوە.

ڕۆژی ٢٤ی مارس، هێزە بەرگرییەکانی ئیسرائیل یەکێک لە بێ بەزەییترین هێرشەکانی خۆیان ئەنجام دا و کۆمەڵێک لە هێزەکانی فریاکەوتنی مانگی سوور و نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردە ئامانج کە بە ئەمبوڵانس دەچوون بۆ هێنانەوەی تەرمی دوو پزیشکی تری ئەو ڕێکخراوەیە کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژرابوون. لە ماوەیەکی کورتدا، ١٥ پزیشک و هێزی فریاکەوتن کوژران و لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکانیان لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا شاردراونەوە. زۆربەی تەرمەکان یەک هەفتە دواتر و کاتێک دۆزرانەوە کە گرووپێکی دیکەی فریاکەوتن، سەرەنجام توانیان بگەنە شوێنی ڕووداوەکە، شوێنێکی کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە داخرابوو. 

ئەگەرچی کوژرانی ستافی پزیشکی لەلایەن ئیسرائیلەوە شتێکی نوێ نییە، بەڵام ئەم هێرشە شێوازی کاری هێزەکانی ئیسرائیلی ئاشکرا کرد.

هەر لەو ماوەیەدا یەکێتییە کرێکارییەکانی فەلەستینی لە غەززە، بانگەوازێکیان بۆ یەکێتییە کرێکارییە ئازادەکانی ئەمریکا نارد، کە لە بانگەوازەکەدا هاتووە: “لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی کرێکاردا، کە هێمای یەکگرتوویی و هاوپشتی کرێکارانە لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ستەم و چەوساندنەوە، دەنگی کرێکارانی غەززەتان پێ دەگەیەنین. کرێکارانێک کە ئەمڕۆ لە بەرەی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دڕندانەترین شێوەکانی جینۆساید، گەمارۆ و برسیکردنی پلان بۆ داڕێژراودان. ئەم جینایەتانە دەیان ساڵە بەسەر جەماوەری ئێمەدا سەپێنراوە و بە پشتگیری ڕاستەوخۆی دەوڵەتی ئەمریکا بە ڕێبەرایەتی دۆناڵد ترامپ و دەوڵەتەکانی پێشووتر بەردەوام بووە.”

لە بەشێکی تری بانگەوازەکەدا هاتووە: “جینۆساید بە تەواوی توندتربووەتەوە. ڕژێمی داگیرکەر بە داخستنی دەروازەکان و ڕێگرتن لە هاتنی یارمەتییە مرۆییەکان، سیاسەتی برسیکردنی بە کۆمەڵ پەیڕەو دەکات و گەلی ئێمەی لە لەگەڵ مەترسی قاتوقڕییەکی بەربڵاو بەرەوڕوو کردووەتەوە. ئەو دەوڵەتانەی کە بێدەنگییان هەڵبژاردووە، هاوبەشی ئەم تاوانە دژی مرۆییەن. ئەم سیاسەتانە بەشێکن لە پڕۆژەی ڕێژیمێکی داگیرکەر کە ئامانجی کۆتایی، بریتییە لە سڕینەوەی بەتەواوەتی بوونی فەلەستینییەکان.”

لە درێژەی بانگەوازەکەدا هاتووە: “هاوڕێیانی ئازیز، کرێکاران لە غەززە لە زومرەی ئەو کەسانەن کە زۆرترین زیانیان لەم کارەساتە بەرکەوتووە. ژیانی ئابووری بە تەواوەتی وەستاوە، ناوەندەکانی کار وێران بوون و دەیان هەزار کەس بە زۆر بێکار کراون، بەبێ بەهرەمەندبوون لە هیچ پاڵپشتییەکی کۆمەڵایەتی. ئەمڕۆ کرێکاران و بنەماڵەکانیان لە بارودۆخێکی نامرۆڤانەدا ژیان بەسەر دەبەن، لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش کراون و لە پێناو مانەوەیان دا شەڕ دەکەن، چ لە برسان و چ لە ژێر بۆردوماندا. 

ئەم شەڕ و داگیرکارییە، بەبێ پشتگیری بێ ئەملاو و ئەولای ویلایەتە یەکگرتووەکان، مومکین نەبووە و نابێت.” 

بانگەوازەکە داوا لە ناوەندە سەربەخۆکانی یەکێتییەکان دەکات کە هاوپشتی خۆیان بکەن بە هەنگاوی کرداریی کاریگەر واوەتر لە وتار و بەیاننامە و گوشارێکی ڕاستەقینە بۆ وەستاندنی ئەم شەڕە دژە مرۆییە دروست بکەن.

داواکارییە بەپەلە و هەنووکەییەکانی کرێکارانی غەززە بریتین لە:

١- زیادکردنی گوشار لە ناوەندەکانی کار و دامەزراوە بڕیاردەرەکانی ئەمریکا، بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە پشتگیری سەربازی، دارایی و دیپلۆماسی دەوڵەتی ئەمریکا لە داگیرکاری و هەروەها هەوڵدان بۆ دادگاییکردنی ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانەی کە ڕۆڵیان هەیە لە دابینکردنی دارایی و پشتگیری لە هێرشەکانی ئیسرائیل و بەڕێوەبردنی جینۆساید.

٢. پەیوەستبوون و پەرەپێدانی کەمپەینەکانی بایکۆت لە دژی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان و لایەنگرەکانیان، بە تایبەت لە بەشەکانی گواستنەوەدا.

٣. بەڕێوەبردنی بایکۆتی کرێکاری لە بەندەر و فڕۆکەخانەکانی ئەمریکا بەمەبەستی ڕێگرتن لە گواستنەوەی چەک و چۆڵ بۆ ئیسرائیل، هاوشێوەی بزووتنەوە کرێکارییەکانی پێشوو، کە باشووری ئەفریقای سەردەمی ئاپارتایدیان بایکۆت کرد و کرێکارانی شوێنەکانی تر لە جیهان.

٤. پشتگیری و هەماهەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئەمریکا، کە بەهۆی هەڵوێستی دروست و ڕاشکاوانەیان بۆ پشتگیری لە ئارمانی فەلەستین، لەگەڵ سەرکوت و توندوتیژی ڕووبەڕوو بوونەتەوە. هاوپشتی نێوان بزووتنەوەی کرێکاری و خوێندکاری، دەتوانێت گوشارێکی گەورە دژبە سیاسەتی نادادپەروەرانەی دەوڵەتی ئەمریکا، دروست بکات و بە شێوەیەکی کاریگەر وەڵامی هێرشی بەربڵاوی دەوڵەتی ترامپ بۆ سەر ئازادییە مەدەنییەکان و ئازادی ڕادەربڕین، بداتەوە.

٥. بانگەواز بۆ مانگرتنی گشتی و نافەرمانی مەدەنی بەربڵاو بەمەبەستی ئاشکراکردن و لەقاودانی هاوبەشبوونی دەوڵەتی ئەمریکا لەو تاوان و داگیرکارییە دا، هاوشێوەی ئەوەی کە بزووتنەوە کرێکارییەکان لە خەبات و ناڕەزایەتییەكانی پێشوودا لە دژی شەڕە ئیمپریالیستییەکان ئەنجامیان دا.

٦. گوشار خستنە سەر کۆنگرە و دەوڵەتی ئەمریکا بە مەبەستی ڕاگرتنى ناردنی چەک و یارمەتی سەربازی بۆ ئیسرائیل و هەڵوەشاندنەوەی هەر ڕێککەوتنێک کە ستەم و داگیرکاری، بە بەهای جەماوەری ستەمدیتوو بەهێز دەکات.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

مەریوان؛ داخستنی بازاڕی داپۆشراوەی مەریوان لە ناڕەزایەتی دژی گرانی

ش آوریل 19 , 2025
بازاڕی داپۆشراوەی شاری مەریوان لە ناڕەزایەتی دژی گرانبوونی کرێی دووکانەکانیان و داخستنی سنوور دەستیان بە مانگرتن کرد. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەمڕۆ شەمە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، بازاڕدارانی بازاڕی داپۆشراوەی شاری مەریوان، کە ناوەندێکی گرنگی بازرگانییە لە پارێزگای کوردستانە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و داخستنی سنووری باشماخ، دەستیان بە مانگرتن کرد. ئەم بازاڕە […]

You May Like