کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، کەوتە بەر لێدقن و ئازار و ئەشکەنجەی هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، لە ئەنجامی ئەشکەنجە و لێدانی کۆڵبەرێک لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیمەوە، کۆڵبەرێک بە ناوی “بێهنام شەریفیان”، تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز، خێزاندار و خاوەنی منداڵێک، لە لاق و پشت و کەمەر و دەموچاوەوە دراوەتە بەر ئەشکەنجە و لێدان و بە سەختی بریندار بووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو کۆڵبەرە بە چاو و دەستی بەستراوەوە ئەشکەنجە دراوە و بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە کۆتاییدا فیشەکێکیان لە لاقیدا تەقاندووە.
ئەم کۆڵبەرە بریندارە ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری بانە خەوێندراوە و بارودۆخی ناجێگیر ڕاگەیاندراوە
بەپێی ئەو ئامارانەی لە ٢٠٢٣ لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر لە سنورەکان و ڕێگای نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوار لە شاخ و بەرزایی و حاڵەتی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە بەگشتی ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژران و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان بووە. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٣٠ لەوانە منداڵی خوار ١٨ ساڵن.