سمکۆ یوسفی، مامۆستای زمانی کوردی و چالاکوانیی مەدەنی خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە توندوتیژی لەسەر شەقام دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ سەرماوەزی ١٤٠٤، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە بۆکان، سمکۆ یوسفی لە شەقامێکی ئەم شارە بە توندوتیژی و لێدان، بەبێ بڕیاری دادوەر دەستبەسەرکردووە و بە ناچاری سواری ئۆتۆمبێلەکەیان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی بە توندوتیژی دەستبەسەرکراوە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە هۆکاری دەستبەسەرکران، دۆخی جەستەیی، چارەنووس و شوێنی زیندانیی ناوبراو نادیارە و هێزەکانی ڕژیم وەڵام نادەنەوە.
سمکۆ یوسفی، پێشتر جارێک دەستبەسەرکرابوو و لە سەرلەبەیانی ٥ جۆزەردانی ١٤٠٤، هێزەکانی ڕژیم بەبێ بڕیاری دادوەر و بە توندوتیژی ناوبراویان لە ماڵەکەیدا لە گەڕەکی «ئەمیرئاوا» لە بۆکان دەستبەسەرکردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوویەوە.

