ئیسماعیل ناسری کۆڵبەر خەڵکی شاری بۆکان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە بە گوللەی ساچمەیی تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بریندار بووە. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “ئیسماعیل ناسری” خەڵکی شاری بۆکان بۆ کۆڵبەرنیوز پشتڕاست کراوەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئیسماعیل ناسری دەست و ڕان و قاچی بریندار بووە.
بەپشتبەستن بەو ئامارەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراوە، لە ١ی ڕەزبەر تا ١ ی سەرماوەزی ١٤٠٢، بەگشتی ١٥٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، لێدان و ئازاردان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ڕژێم و کەوتنە سەر مین. کوژراو و بریندار بوون.
لەم ژمارەیە بەگشتی ٩ کۆڵبەر کوژراون و ١٤٥ کۆڵبەر برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٥٤ کۆڵبەر کە کوژراون و برینداربوون، ١٤١ حاڵەت (٩٢%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.