کۆڵبەرێک هاوڵاتی سەقز بە تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنوری هەنگەژاڵی بانە برینداربوو.
هەینی یازدەی ڕەشەمەی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنوری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆڵبەران کرد و کۆڵبەرێک هەردوو دەستی بە گولەی ساچمە بریندارە.
ناسنامەی کۆڵبەرەکە «نوری درەزیارت» هاوڵاتی گوندی درەزیارت لە سەرشێوی سەقزە. شایانی باسە ساچمە بەر جومگەی کۆڵبەرەکە کەوتوە و پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە.
بەپێی ئاماری ٢٠٢٣ لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، ٢٩٩ کۆڵبەر لە سنورەکان و ڕێگای نێوان ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکاری وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوار لە شاخ، بەرزایی و حاڵەتی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژران و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان بووە. بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٣٠ لەوانە منداڵی خوار ١٨ ساڵن.