کۆمەڵێک لە چالاکانی کرێکاری و کرێکارانی کارگەکانی شاری پیشەسازی ژمارە ١ی سنە، ڕۆژی جیهانی کرێکاریان بەرز ڕاگرت.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، کۆمەڵێک لە چالاکانی کرێکاری و کرێکارانی شاری سنە، بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی کرێکار هەستان لە ڕێکخستنی ڕێوڕەسمێک لە یەکێک لە کارگەکانی شاری پیشەسازی ژمارە ١ی سنە.
ئەم ڕێوڕەسمە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەری گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەستی پێکرد و بە پارچە شیعرێک کە لەلایەن یەکێک لە کرێکاران ئامادەبوو لە ڕێوڕەسمەکە خوێنرایەوە، بێدەنگی شکێنرا. لە بەردەوامیدا، یەکێک لە مامۆستایانی دوورخراوی ساڵی ٥٩ی سنە وتارێکی دەربارەی مێژوو و گرنگی ڕۆژی جیهانی کرێکار خوێندەوە و ئەم ڕۆژەیان لە تەواوی کرێکارانی کۆمپانیاکان پیرۆز کرد.
لەم ڕێوڕەسمەدا هەروەها، یاد و بیرەوەری «تۆفیق دەباغیان»، مامۆستای دوورخراو کە ساڵانێک یار و یاوەری چینی بێبەشی کرێکاری کوردستان بووە، بەرز ڕاگیرا.
ڕێوڕەسمەکە بە دابەشکردنی گوڵ و شیرینی لە نێوان کرێکارانی ئامادەبوو، کۆتایی هات.