“حەبیب ڕەزایی” کۆڵبەری تەمەن ٥٢ ساڵ خەڵکی شاری جوانڕۆ بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود بە سەختی بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٢، “حەبیب ڕەزایی” کۆڵبەری تەمەن ٥٢ ساڵ خەڵکی شاری جوانڕۆ بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود بە سەختی بریندار بووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەهۆی بەرکەوتنی گوللە بە پشتی ئەم کۆڵبەرە، ناوبراو تووشی شکانی بڕبڕەی پشتی بووە و هەروەها تووشی خوێنبەربوونی سییەکانی بووە.
ناوبراو بەهۆی سەختی برینەکانییەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵغانی کرماشان گواسترایەوە و باری تەندروستی بە نالەبار ڕاگەیەندراوە.
بەپشتبەستن بەو ئامارەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراوە، لە ١ی ڕەزبەر تا ١ ی سەرماوەزی ١٤٠٢، بەگشتی ١٥٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، لێدان و ئازاردان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ڕژێم و کەوتنە سەر مین. کوژراو و بریندار بوون.
لەم ژمارەیە بەگشتی ٩ کۆڵبەر کوژراون و ١٤٥ کۆڵبەر برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٥٤ کۆڵبەر کە کوژراون و برینداربوون، ١٤١ حاڵەت (٩٢%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.