“سینا نادری” کۆڵبەری منداڵی تەمەن ١٨ ساڵ، لە منداڵە دەستبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود بریندارکرا. ناوبراو پێشتریش لە کاتی کۆڵبەری برینداربوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەمە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٣، “سینا نادری” منداڵ کۆڵبەری تەمەن ١٨ ساڵ خەڵکی شاری پاوە لە کاتی کۆڵبەریدا لە هێڵی سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی بریندارکرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی هەنگی مەرزی بە چەکی ساچمەیی ناوبراویان کردۆتە ئامانج. ئێوارەی جومعە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠١، ناوبراو لە کاتی چاودێری و بەدواکەوتن لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی لە بەرزاییەکانی هێڵی سنووری نەوسوود کەوتە خوارەوە و هەردوو “دەست، سەر و ددان”ی شکابوو.
شایانی باسە کە ناوبراو لە ڕەزبەری ١٤٠١ و لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی پاوە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەرکرا و پاش ماوەیەک دەستبەسەرکران و لێپرسینەوە ئازاد کرا.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ زاینی، بە گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردووی، کەوتنەسەر مین, کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزییەکان و حاڵەتەکانی تر کوژراون و برینداربوون. لەم ژمارەیە، بەگشتی ٣٤ کۆڵبەر واتا (١٣٪) کوژراون و ٢٣٦ کۆڵبەر واتا (٨٧٪) برینداربوون.
لە کۆی گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ٢٢٢ حاڵەت واتا (٨٢٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزە سەربازییەکانی ڕژیمەوە بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە سنووری کوردستان کوژراون و برینداربوون، ٢٠ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
ئاماری شەش مانگی یەکەمی ساڵ ٢٠٢٤ زاینی، بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ زاینی، ئێمە شایەتی بەرزبوونەی ٢١٨٪ ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە هێڵی سنوورری کوردستان بووین.