بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم بەرەو کۆڵبەران لانیکەم شەش کۆڵبەر برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی هەینی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم تەقەیان لە کۆمەڵێک لە کۆڵبەران کرد و لە ئەنجامدا شەش کۆڵبەر بریندار بوون. کە سێ کەسیان بە ناوی “مۆعین شەریفی” خەڵکی شاری جوانڕۆ، “محەممەد” خەڵکی شاری جوانڕۆ و “سەعید” خەڵکی گوندی “سەفیاوا”ی سەر بە شاری جوانڕۆ بۆ کۆڵبەرنیوز پشتڕاستکراونەتەوە.
ناسنامەی کۆڵبەرەکانی دیکە لە لێکۆڵینەوەدایە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.