لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژێم لە کۆڵبەران، لانیکەم ٥ کۆڵبەر بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکانی کۆڵبەرنیوز، سەرلەبەیانی دووشەممە ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم، لانیکەم ٥ کۆڵبەر بریندار بوون کە ناسنامەی ٤ لەو کۆڵبەرانە بە ناوی «مەسعود مەنسوری»، «ئومێد مورادی»، «هادی» و «محمد» بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندرا و بەدواداچوون بۆ پشتڕاست کردنەوەی ناسنامەی کۆڵبەرەکەی دیکە لە ئارادایە.
یەک لەم کۆڵبەرانە بە ناسنامەی «مەسعود مەنسوری» بە ٣ گوللە قاچی بە سەختی بریندار بووە و زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ئەگەری بڕینەوەی قاچی ئەم کۆڵبەرە هەیە.
بەپێی ئەو ئامارانەی ٢٠٢٣ لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، ٢٩٩ کۆڵبەر لە سنورەکان و ڕێگای نێوان ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکاری وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوار لە شاخ، بەرزایی و حاڵەتی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژران و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان بووە. بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٣٠ لەوانە منداڵی خوار ١٨ ساڵن.