“محەممەد موحەمەدی” کۆڵبەری برینداری خەڵکی “شوشمێ”ی سەربە شاری پاوە بەهۆی بێتوانایی لە پێدانی تێچووی نەخۆشخانە، ئەگەری لەکارکەوتنی هەمیشەیی جەستەی هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، محەمەد موحەممەدی کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی “شوشمێ”ی سەربە شاری پاوە لە ئێوارەی دووشەممە ١٠ی گوڵانی ١٤٠٣، لەگەڵ چەند کۆڵبەری دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود بریندارببوو، لە دۆخێکی سەلامەتی نالەباردایە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو کە لە “بڕبڕەی پشتی”دا برینداربووە، بەهۆی بێتوانایی لە پێدانی تێچووی نەخۆشخانە، لەگەڵ ئەگەری لەکارکەوتنی هەمیشەیی جەستەی ڕووبەڕووە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.