ژنانی فەلەستینی لە ‌‌‌‌‌‌‌‌‌مەیدانی کار و خەبات و تێکۆشاندا

نوێنەری فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ئۆکتۆبر بەرابەر لەگەڵ ٤ی خەزەڵوەر وتی کە تا ئێستا هەزار و ٧٠٠ ژن لە جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە گیانیان لەدەستداوە بەڵام ڕوون نییە ئەوەی کە چەند کەسیان کچ یان دایک بوون و ئایا منداڵەکانیان لەنێو ئەو سێ هەزار کوژراوە کەم تەمەنانەدا بوون یان نا.

هەروەها ئەوەش نازانین کە چەندیان کرێکار بوون یان چالاکی بواری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بزووتنەوەی ئاشتی و پێکەوە ژیانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان. پێش هێرشەکەی حەماس لە ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبر، ١٥٠٠ کرێکاری فەلەستینی بە دیل گیراو لە کەرتی غەززە، بە پێی مۆڵەتی کارکردن چووبوونە ناوچە داگیرکراوەکان و لە شارۆچکەکاندا کاریان دەکرد. ئەوان بەشێک بوون لەو ٢٠٠ هەزار کرێکارە فەلەستینییەی کە مۆڵەتی کارکردنیان هەبوو. هاوکات لەگەڵ ئەواندا ٩٠ هەزار کرێکاریش لە هەردوو لاوە لە ڕێگەی تۆڕێکی دەڵاڵییەوە دەستاودەست کرابوون و چووبوونە ناوچە داگیرکراوەکان و ناچار بوون مل بدەن بە چەوساندنەوەیەکی لەڕادەبەدەر، چونکە ئەوانە بە کرێکاری نایاسایی دادەنرێن و لە هەر چەشنە مافێک بێبەشن. ئەڵبەتە یاسای کاری ئیسرائیل ئەو ژن و پیاوە کرێکارە فەلەستینیانە ناگرێتەوە کە مۆڵەتی کارکردنیان هەیە و لە ناوچە داگیرکراوەکان کار دەکەن. بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی، تەنیا ١٨%ی ژنانی فەلەستینی لە ناوچە داگیرکراوەکان، واتە لە غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا، بە بەشێک لە هێزی کار دادەنرێن. خاوەنکارە ئیسرائیلییەکان لەڕێگەی دەڵاڵ و سەرپەرشتیارە عەرەبەکانەوە کرێکاری ژن و پیاو لەو شارۆچکانەی کە لە ساڵی ١٩٦٧وە داگیرکراون دادەمەزرێنن. تا مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢١، نزیکەی سی و پێنج هەزار و ٤٠٠ ژنە کرێکاری فەلەستینی لەو شارۆچکانەدا کاریان دەکرد، ئەوان ئەگەرچی کرێکاری ڕێگەپێدراون بەڵام بە نافەرمی دادەنرێن و لە هەموو مافە یاساییەکان بێبەش دەکرێن. ئەم ژنانە مافی ئەوەیان نییە شوێنی کار و جۆری کارەکەیان هەڵبژێرن و تەنانەت ناچار دەکرێن هەر کارێکی کە لە هەر کارگە یان کێڵگەیەکدا پێیان بسپێردرێت، ئەنجامی بدەن. ئەو ژنانە ناچارن لە ئاست هەر توندوتیژییەک بەرامبەر بە خۆیان یان هاوکارەکانیان بێدەنگ بن. مافی ئەوەیان نییە گلەیی و گازندە لە بارودۆخی کارەکەیان بکەن. هەرکات ناڕەزایەتی دەرببڕن، هەڕەشەی دەرکردنیان لێدەکرێت. لە هەمان کاتدا پەیداکردنی جێگرەوە بۆ کرێکارانی دەرکراو کارێکی زۆر ئاسانە. لە هەر شوێنێک کامێرا هەبێت، خاوەنکارە ئیسرائیلییەکە بەردەوام چاودێری ئەو ژنانە دەکات و ئەگەر پێیوابێت کەم کاردەکەن، پەیوەندی بە دەڵاڵەکە یان سەرپەرشتیارە عەرەبەکەوە دەکات و ئاگاداریان دەکاتەوە. یان بۆ نموونە ئەگەر بەپێویستی بزانێت، فەرمانی کەمکردنەوەی کرێی کرێکارەکە دەدات. ژنەکان دەبێت پێش لە دەستپێکردنی کار، مۆبایلەکانیان ڕادەستی سەرپەرشتیار یان دەڵاڵەکان بکەن. گرێبەستەکانیان بە شێوەی زارەکی لەگەڵ دەڵاڵەکان دەبەسترێت و بەپێی زانیارییەکان حەقدەستی ڕۆژانەیان ٢٤ دۆلار و مانگانە ٧٢٠ دۆلارە. خاوەنکارەکان بۆ هەر کاتژمێرێک ئیزافەکاری ٣ دۆلار و نیویان پێدەدەن. ئەوە لەکاتێکدایە کە کەمترین حەقدەستی یاسایی بۆ هەر کاتژمێرێک کارکردن لە کاتژمێرە ئاساییەکاندا ٨ دۆلار و نیوە (بۆ ٨ کاتژمێر ٦٨ دۆلارە). داهاتی مانگانەی دەڵاڵەکان هەندێک جار دەگاتە ٦١٠٠ دۆلار. ئەو ژنانەی کە لەو شارۆچکە داگیرکراوانەدا کاردەکەن لەلایەن پیاوانی عەرەبی فەلەستینییەوە بە گومانەوە سەیر دەکرێن و ئامادە نابن لەگەڵیاندا هاوسەرگیری بکەن. لەمڕووەوە زۆربەی کچەکان هەوڵ دەدەن بەو داهاتەی کە پاش ماوەیەکی زۆر بەدەستی دەهێنن، درێژە بە خوێندن بدەن یان کار و کاسبییەکی بچووک بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن بۆ ئەوەی لەو کۆمەڵگە لەڕادەبەدەر نەریتی و پیاوسالاریەدا جێگەی خۆیان بکەنەوە.

ڕۆژی ٣ی سێپتامبری ٢٠١٩، لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا، کۆمەڵێک کرێکاری فەلەستینی کە زۆربەیان ژن بوون، لە کارگەیەکی کە دەکەوێتە یەکێک لە شارۆچکە داگیرکراوەکانی کەناری ڕۆژئاوا، لەپێناو هەندێک داواکاریدا، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ مانیانگرت. بەرهەمی کارگەکە بریتییە لە تووت فەڕەنگی و سەوزە و بەستەبەندی کردنیان و ناردنیان بۆ بازاڕەکان. کرێکارانی مانگرتوو خوازیاری وەرگرتنی حەقدەستێکی عادڵانە و بەهرەمەندبوون لە هەندێک مەزایای کۆمەڵایەتیی بوون بە پێی یاسای کاری ئیسرائیل. خاوەنکاری ئەو کارگایە نەک هەر وڵامی هیچکام لە داواکارییەکانی کرێکارانی نەداوە، بەڵکوو لە حەقدەستەکانیشی کەمکردنەوە. کرێکارێکی ژنی تەمەن ٤٩ ساڵ کە ساڵانێکی زۆرە لە بەشی پاککردنەوە و بەستەبەندی سەوزەدا کاردەکات، بەم شێوەیە باس لە بارودۆخی کارکەی دەکات: ڕۆژانە وێڕای ژنەکانی دیکە ماوەی دە سەعات کاردەکەم و تەنها نیو کاتژمێر پشووم هەیە بۆ خواردنی نانی نیوەڕۆ، بەهۆی چەندین ساڵ کارکردن لە بەشی پاککردنەوەی سەوزەواتدا تووشی ئازاری پشت بووم، خاوەنکار نەک هەر هیچ پووڵێکم پێنادات بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەم، بەڵکوو ئەگەر بێتوو ڕۆژێک نەتوانم بچمە سەر کارەکەم، حەقدەستی ئەو ڕۆژەم پێ نادرێت. منیش وەک باقی هاوکارەکانم خانەنشینیم نییە، ڕێگای چوون و هاتنەوەم زیاتر لە دوو کاتژمێر دەخایەنێ و کرێی هاتوچۆکردنەکەش دەبێ بۆخۆم بیدەم.

ئەڵبەت ئەو ژنە عەرەبە فەلەستینیانەی کە شارۆمەندی ئیسرائیلن و یاسای کار دەیانگرێتەوە، لە ڕووی یاسایی و لەسەر کاغەز لەچاو ئەو ژنانە خاوەنی جێگە و پێگەیەکی باشترن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانیش بەکردەوە بەشێکن لە کەم داهاتترینەکان لە ئاستی جیهاندا. ئەوە لە کاتێکدایە کە ژنانی یەهوودی هاووڵاتی ئیسرائیل، لە زومرەی ئەوانەن کە زۆرترین داهاتیان هەیە لە ئاستی جیهاندا. ژنانی هاوڵاتی زۆر هەوڵیانداوە لە ڕێگەی خوێندن و هەوڵ و زەحمەتی بێوچان و بەدەستهێنانی کارامەیی و بەشداریکردن لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هتد… پێگەی خۆیان لە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی، دادپەروەری، تکنۆلۆژی، و هەروەها لە بیروڕا و فەرهەنگی گشتیدا باشتر بکەن. ئەڵبەت لەم بوارەدا گەلێک دەستکەوتیشیان بەدەستهێناوە. بێگومان ئەم هەوڵە تاکەکەسییانە باشن، بەڵام بۆ ئەوەی لە بنەڕەتدا پرسی فەلەستین و ئیسرائیل چارەسەر بکرێت و وڵاتێک دروست بکرێت کە هەردوولا بتوانن لە ژینگەیەکی تەواو دێموکراتیک و خاوەن مافی یەکسان بژین، دەبێت بیر لە ئاستێکی تری خەبات و تێکۆشان بکرێتەوە.

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

هەورامان؛ سوتاندنی کۆڵەی کۆڵبەران و برینداربوونی کۆڵبەرێک لە بەرزاییەکانی تەتە لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە + ڤیدیۆ

د اکتبر 30 , 2023
ڕۆژی شەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی ئاگریان لە کۆڵی کۆلەباران بەردا و گەنجێکی کۆڵبەری خەڵکی مەریوانیان بەتەقەی ڕاستەوخۆ بە سەختی بریندار کرد. بەپێی ڕاپۆرتی کۆلبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە بەرزاییە سنوورییەکانی تەتەی هەورامان ئاگریان لە کۆڵ و کەلوپەلی کۆڵبەران بەردا و هەروەها گەنجێکی […]

You May Like