ژنانی ئەفغانستان لە بەردەم تاریکستانی تاڵیباندا

نۆزدەی جۆزەردانی ١٤٠٥، بەرانبەر لەگەڵ نۆی ژوئەنی ٢٠٢٦، شەقامەکانی هێرات جارێکی تر بوونەوە بە شانۆیەکی کە جیهانی هاتەوە یادی کە چی بە سەر نیوەی کۆمەڵگەی ئەفغانستاندا هاتووە. سەدان کەس لە گەڕەکی جوبرەئیلی هێرات کۆبوونەوە تا ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر بە دەستبەسەرکردنی ژنان و کچان بە تۆمەتی “بەد حیجابی” دەرببڕن. تاڵیبان بە هەمان ئەو زمانە وەڵامی دایەوە کە تەنیا زمانێکە دەیناسێت، واتە زمانی گوللـە و مەرگ. لەم ڕووداوەدا لانی کەم کەسێک کوژرا، چەندین کەس بریندار بوون و دەیان ژن و پیاویش دەستبەسەر کران.
بەڵام ئەوەی لە شەقامەکانی هێراتدا ڕووی دا، لە ڕاستیدا بریتی بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوو جیهانبینی: لە لایەکەوە ڕژێمێکی کە مانەوەی خۆی لە تەسلیم بوون و بێ ئیرادەیی موتڵەقی ژنان و سڕینەوەیان لە کایە گشتییەکاندا دەبینێتەوە و لە لایەکی ترەوە مرۆڤگەلێکی کە تەنانەت لە تاریکترین بارودۆخیشدا، دەست لە مافی خۆیان بۆ ژیان هەڵناگرن.

لەو ڕۆژەوە کە تاڵیبان لە ئاگۆستی ٢٠٢١دا سەرلەنوێ دەستی بە سەر ئەفغانستاندا گرتەوە، ژنانی ئەم وڵاتە هەنگاو بە هەنگاو لە هەموو کایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی وەدەرنران. قوتابخانەکانی کچان داخران. زانکۆکان دەرگاکانی خۆیان بە ڕووی ژناندا بەست. مافی کارکردنیان لێ زەوت کرا. هاتووچۆ کردنیان لەگەڵ کۆمەڵێک بەربەست و ئاستەنگی جیددی بەرەوڕوو بۆوە. سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بە توندوتیژترین شێوازی مومکین بەکردەوە دەرهات. وەزارەتی ” فەرمان بە چاکە و ڕێگری لە خراپە” بوو بە باڵی جێبەجێکاری ئەم سڕینەوە هەنگاو بە هەنگاوە.
ئەم کردار و سیاسەتانە لە زومرەی توخمە پێکهێنەرەکانی نەزمێکن کە تێیدا ژن بوونێکی جیاواز، سەربەخۆ و خاوەن ئیرادەی نییە، نەزمێکی کە ژن بە مۆڵکی بنەماڵە دەزانێت، نەک بە مرۆڤێکی ئازاد. لەوەش گرنگتر، ستەم لە سەر ژنانی ئەفغانستان تەنیا لە ئایدۆلۆژیای ئایینییەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکوو ئەم ستەمە لەگەڵ پێوەندییە ئابووری، چینایەتی و سیاسییەکاندا ئاوێتە بووە. ئەو ژنانەی کە لە مافی خوێندن و کارکردن بێبەش دەکرێن، هەمان ئەو ژنانەن کە ئەرکی سەرەکیی چاودێریکردنی منداڵان، بەساڵاچووان و نەخۆشەکانیان لەسەر شانە، بەبێ ئەوەی ئەم کارە کۆمەڵایەتییە گەورەیە بە فەرمی بناسرێت. لە کۆمەڵگەیەکدا کە ملیۆنان مرۆڤ لەگەڵ هەژاری، بێکاری و نائەمنیدا دەستەوێخەن، یەکەم قوربانییەکان بەردەوام ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشن. زەوتکردنی سەربەخۆیی ئابووریی، ژن مەحکووم دەکات بە وابەستەیی موتڵەق بە پیاو، لەوانە باوک و هاوسەر یان برا و ئەم وابەستەییەش باشترین ئامرازی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتییە لە دەستی دەسەڵاتدا.
ژنێکی کە داهاتی سەربەخۆی نەبێت، نە توانای ڕاکردن و خۆ دەربازکردنی هەیە لە توندوتیژیی بنەماڵەیی و نە هێزی ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی مەدەنی و بەم شێوەیە دەسەڵات بە هەژار ڕاگرتنی سیستماتیکی ژنان، پۆتاسێلی شۆڕشگێڕانەی ئەوان کۆنترۆڵ دەکات.

له‌م ناوەدا، ئه‌زموونی ئێران ڕووناکییەکە که‌ نابێت لەبەرچاو نەگیرێت. له‌ پاییزی ١٤٠١دا، به‌ کوژرانی ژینا ئەمینی به‌ ده‌ستی گه‌شتی ئیرشاد، بزووتنه‌وه‌ی “ژن، ژیان، ئازادی” سەرتاسەری ئێرانی گرته‌وه‌. ژنانی ئێران لە سەر شەقامەکاندا لەچکەکانی خۆیان ئاگر تێبەردا. کۆماری ئیسلامی بە تەواوی ئامێرەکانی سەرکوتی خۆیەوە لەوانە کوشتاری سەرشەقام، لەسێدارەدان، بەندکردن و ئەشکەنجە لەڕادەبەدەر هاتە مەیدان، بەڵام نەیتوانی بڵێسەی ئاگری ئەم مانگرتنە مەدەنییە خامۆش بکات. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی هەرگیز تەسلیمی هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی یاسای حیجابی زۆرەملێ نەبوو، بەڵام لە کردەوەدا ناچار بە پاشەکشە بوو. ئەمڕۆ لە شەقامەکانی تاران، ئیسفەهان، شیراز و شارەکانی تری ئێران، زۆرێک لە ژنان بەبێ حیجابی زۆرەملێ هاتووچۆ دەکەن. کۆنەپەرستان لە ئاست خۆڕاگریی ژنانی خەباتکاردا سەریان لە بەرد درا. ئەم ئەزموونە نیشانی دا کە تەنانەت سەرسەختترین دەسەڵاتە ئایینییەکانیش لە بەردەم ئیرادەی بەکۆمەڵ و یەکگرتووانەی ژناندا خۆ ناگرن، بەمەرجێک ئەو ئیرادەیە ببێتە خۆڕاگرییەکی ڕێکخراو و بەردەوام.
البته نابێت ئەم دوو ئەزموونە بە تەواوی وەک یەک سەیر بکرێن، بەڵام پەیامە بنەڕەتییەکە هەریەکە، ئەویش ئەوەیە کە سەرکوت ناتوانێت ئیرادەی ژیان بۆ هەمیشە لاواز بکات.

ئەوەی کە تایبەتمەندی دەبەخشێت بە ناڕەزایەتییەکانی هێرات، بریتییە لە چەند خاڵ.
یەکەم: ناڕەزایەتیی ئاشکرا لەدژی تاڵیبان لە ئەفغانستان، دیاردەیەکی یەکجار دەگمەنە. لە کەشوھەوایەکدا کە ترس تێیدا باڵادەستە و باجی خۆڕاگریی تێیدا گیانی مرۆڤە، هاتنە سەر شەقام خۆی لە خۆیدا کارێکی بوێرانەیە.
دووەم: ئەم ناڕەزایەتییانە تەنیا لەلایەن ژنانەوە نەبوو، بەڵکوو پیاوان، گەنجان و بنەماڵەکانیش بەشدار بوون.

ئەمە نیشان دەدات کە ناڕەزایەتی دژ بە سیاسەتەکانی تاڵیبان چوارچێوەی “پرسی ژنان”ی تێپەڕ کردووە بووە بە پرسێکی کۆمەڵایەتی.
سێیەم: هێرات بەردەوام یەکێک بووە لە کراوەترین و فەرهەنگیریترین شارەکانی ئەفغانستان، شارێکی خاوەن نەریتێکی مێژوویی دێرین لە زانست، هونەر و بازرگانی. ڕاپەڕینی خەڵکی ئەم شارە، واتایەکی سەمبولی و هێمایی چەند هێندەی هەیە.

بەڵام خەباتی ژنانی ئەفغانستان ناتوانرێت تەنیا لە پرسی هەڵبژاردنی پۆششدا کورت بکرێتەوە. ئەوان بۆ مافی خوێندن، مافی کارکردن، مافی بەشداریکردن لە کاروباری کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی داهاتووی وڵاتەکەیاندا خەبات دەکەن. ئەوان وەک مرۆڤێکی ئازاد و یەکسان لەپێناو مافی ژیاندا خەبات دەکەن.
ئەم خەبات و تێکۆشانە، نەبەردێکە لەپێناو مافی پەروەردە: بۆ کردنەوەی ئەو دەرگا داخراوانەی کە نەوەی نوێی کچان مەحکووم بە نەخوێندەواریی مەتڵەق دەکات. مافی کارکردن، بۆ ڕزگاربوون لە چنگ هەژاریی سەپێندراو و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دارایی. مافی ئامادەبوونی سیاسی و بڕیاردان بۆ بەشداریی چالاکانە لە دیاریکردنی چارەنووسی وڵات و کۆتایی هێنان بە تاکدەنگیی پیاوانە و قۆرغکارییانەی تاڵیبان.
له ڕاستیدا، ئەمە خەباتێکە بۆ بەدەستهێنانەوەی “مرۆڤایەتیی زەوتکراو”، شەڕێکی بەتەواو مانایە بۆ ژیان وەک هاوڵاتییەکی ئازاد، یەکسان و خاوەن چارەنووس. ژنانی ئەفغانستان، وەک چۆن لە شاری هێرات نیشانیان دا، تەنیا قوربانیی بێدەنگی مێژوو نین، بەڵکوو ئەوان بەشێکن لەو هێزەی کە دەتوانێت داهاتوویەکی جیاواز بخوڵقێنێت.

کۆڵبەرنیوز

بابەتی پەیوەندیدار