قوچان؛ سزادانی ڕەزا بەبرنەژاد، لە بنەماڵەی دادخوازانی بزووتنەوەی ژینا، بە ٦ ساڵ زیندانیکردن

ڕەزا بەبرنەژاد، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی قوچان و برای مەهدی بەبرنەژاد لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کۆی ٦ ساڵ زیندانیکردن سزا درا. بەپێی سزا دەرکراوەکە، قورسترین سزا کە پێنج ساڵ زیندانییە، بەسەریدا جێبەجێ دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی «کۆڵبەرنیوز»، بەمدواییانە ڕەزا بەبرنەژاد، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی قوچان و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان، بە دەرکردنی سزایەک لەلایەن لقی ۱۰۱ی دادگای تاوانەکانی ئەم شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «پوورئاریا»، بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکانی ڕژێمدا» بە ۵ ساڵ زیندان و بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕژێم» بە ساڵێک زیندانیکردن سزا درا.

بەپێی ناوەرۆکی ئەم سزایە و بە پشتبەستن بە ماددەی ۱۳۴ی یاسای سزادانی ئیسلامی، تەنیا قورسترین سزا واتە ۵ ساڵ زیندانیکردنەکە جێبەجێ دەکرێت. هەروەها دادگا بڕیاری داوە کە ۴ ساڵ و ۶ مانگ لەم سزایە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دوابخرێت.

ڕەزا بەبرنەژاد پێشتر لە ۱۷ی جۆزەردانی ۱۴۰۳، بۆ جاری دووەم لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان دەستبەسەرکرا و بۆ زیندانی قوچان گوازرابووەوە. ناوبراو چەند هەفتەیەک پێش ئەو ڕێککەوتنەش، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتگەلێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هاوکات لەگەڵ مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، لەلایەن ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر کرابوو و دوای ۱۳ ڕۆژ بە بارمتە ئازاد کرابوو. سەرەڕای ئەمەش، تەنیا پێنج ڕۆژ دوای ئازادبوونی دووبارە دەستبەسەر کرایەوە و سەرئەنجام لە ۳۱ی پووشپەڕی ۱۴۰۳، تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردن بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتریش لە ۲۰ی گەلاوێژی ۱۴۰۲، و لە ساڵیادی لەدایکبوونی برا گیانبەختکردووەکەیدا، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە قوچان دەستبەسەر کرابوو و پێشینەی ڕووبەڕووبوونەوەی دادوەری و ئەمنیی هەبووە.

مەهدی بەبرنەژاد، تەمەن ۲۲ ساڵ برای ڕەزا بەبرنەژاد، لە ۳۰ی خەرمانانی ۱۴۰۱، لە ڕەوتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا لە شاری قوچان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم گیانی بەخت کرد. تەرمەکەی دوای سێ ڕۆژ ڕێگریگرتنی دەزگا ئەمنییەکان و بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو لە بنەماڵەکەی ڕادەست کرایەوە و ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی لە گوندی «شارک» لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا بەڕێوە چوو.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بۆکان؛ سزادانی ڕەسووڵ یادیار بە ٩ ساڵ زیندانی و دوو ساڵ قەدەغەکردنی گەشت بۆ دەرەوەی وڵات

د ژوئن 8 , 2026
ڕەسووڵ یادیار، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە پێشتر چەندین مانگ لە گرتووخانەی دەزگا ئەمنییەکاندا بووە و بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەشکەنجە دراوە، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە سزای ٩ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوو ساڵ قەدەغەکردنی چوونە دەرەوەی وڵاتی بەسەردا سەپێندرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لەم دواییانەدا ڕەسووڵ یادیار، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لەلایەن […]

بابەتی پەیوەندیدار