کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لە سنووری نەوسوود بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرلەبەیانی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٣ هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم تەقەیان لە کۆڵبەران کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناسنامەی «مەسعەب سەبزەواری»، خێزاندار و خەڵکی گوندی «قشڵاخ»ی سەر بە بەشی شاهۆ لە ڕوانسەر سەر و چاوی بە سەختی برینداربوو. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم کۆڵبەرە لە بەشی چاودێری ورد لە نەخۆشخانەی تاڵقانی کرماشان بە ئاستی هۆشیاری ژمارە ٣ خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت.
بەپێی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣دا، ١٤٢ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە، ٣٦ کۆڵبەر (٢٥٪) کوژران و ١٠٦ کۆڵبەر (٧٥٪) بریندار بوون. لە کۆی ١٤٢ کۆڵبەر کە لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣ کوژران و برینداربوون، ١٢٤ حاڵەتیان (٨٧٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕژیم بووە. لە کۆی ١٤٢ کۆڵبەر کە لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣دا لە سنوورە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کوژران و برینداربوون، ١٠ کۆڵبەریان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن. بە بەراورکردنی ئاماری ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣، لەگەڵ نیوەی یەکەمی ١٤٠٢، ئێمە شایەتی زیادبوونی ٦٧٪ی ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنووری کوردستان بووین.