لە درێژەی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری کەرەج، سێ ئەندامی یەک خێزانی خەڵکی سونقور و کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، بیژەن موستەفەوی ٥٥ ساڵ، خانەنشینی وەزارەتی پەروەردە، لەگەڵ هاوسەرەکەی زەهرا بەنیعامریان ٤٨ ساڵ، فەرمانبەری خانەنشینی دەستەی دڵنیایی کۆمەڵایەتی و منداڵەکەیان دانیال موستەفەوی ١٩ ساڵ، قوتابیی بەشی کۆمپیوتەر، لەکاتێکدا لەناو ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان لە شاری کەرەج بوون، کرانە ئامانجی تەقەئ ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم و گیانیان لەدەستدا.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، تەرمەکانی ئەم سێ هاووڵاتییە کوژراوە بۆ شاری سونقور گواسترانەوە و بەپێی ڕێکارە سەختە ئەمنییەکان، بێ ڕەزامەندی خێزانەکەیان و بە گوشاری هێزەکانی ڕژیم، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و پێش کاتژمێر شەشی سەرلەبەیانی بەخاک سپێردران.
بەپێی ئەم راپۆرتە، داود موستەفەوی کوڕی گەورەی ئەم خێزانە لەکاتی تەقەکردنەکەدا لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە و سەرەڕای پێکانی بە گوللە لە ژیاندا ماوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی باری جەستەیی ناوبراو بڵاونەکراوەتەوە.

