ئومید باقری، وێنەگر، چالاکوانیی مەدەنی و ژینگەیی خەڵکی ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوا، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی یەکشەممە ٢٣ سەرماوەزی ١٤٠٤، ئومید باقری، وێنەگر، چالاکوانیی مەدەنی و ژینگەیی خەڵکی ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوا «شاباد» لە کرماشان، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە ئەم هەواڵەی پشتڕاستکردووە، ئەم وێنەگرەی تەمەن ٣٧ ساڵ لە ڕێگەی کرماشان – پاوە و بەبێ بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکراوە. بە تێپەڕینی چەندین کاتژمێر لەم دەستبەسەرییە تاکڕەوانەیە، هێشتا شوێنی زیندانیی، دۆخی جەستەیی و یاسایی و تۆمەتەکانی ناوبراو نادیارە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند ئومید باقری پێشتر بە بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ١٤٠٣، و وێنەگرتن لە ڕێوڕەسمی فەرهەنگی نەورۆز دەستبەسەرکرا و دۆسیەی دادگا بە تۆمەتی «بانگەشە دژی ڕژیم» دژی ناوبراو کرایەوە.
ئومید باقری، لە چالاکوانانیی ناودار و خۆشناوی پارێزگای کرماشانە و چالاکیی بەردەوام لە وێنەگری، کردەی مەدەنی و ژینگەیی هەبووە.

