ئیبراهیم مەردانی و ڕەسوڵ یادیار، دوو هاوڵاتی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ڕژیم بە تاکڕەوانە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ئێوارەی سێشەممە ٢٥ سەرماوەزی ١٤٠٤، ئیبراهیم مەردانی، هاوڵاتی خەڵکی بۆکان، و ڕەسوڵ یادیار، هاوڵاتی خەڵکی گوندی «گوگ تەپە» لە بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرکران. دەستبەسەرکرانی ئەم دوو هاوڵاتییە بەبێ بڕیاری دادوەر ئەنجامدراوە و هێزەکانی ڕژیم پاش دەستبەسەرکرانیان، بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
تاکاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، تۆمەتەکانی دژیان و شوێنی زیندانیی ئیبراهیم مەردانی و ڕەسوڵ یادیار نادیارە.
دەگوترێت، ئیبراهیم مەردانی پێشتر لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکراوە. لە ١٣ گوڵانی ١٤٠٤، ناوبراو پاش ئامادەبوونی لە ڕێوڕەسمی هاوژینگیری کوڕەکەی، بەبێ بڕیاری دادوەر دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوویەوە.
هەروەها لە ١٧ پووشپەڕی ١٣٩٨، هێزەکانی ڕژیم هێرشیان کردەسەر ماڵی ئیبراهیم مەردانی و بەبێ بڕیاری دادوەر دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی، لە پێنجی گەلاوێژی ١٣٩٨ بۆ زیندانیی بۆکان گواسترابوویەوە.

