سێ هاووڵاتیی مەدەنی، لەوانە منداڵێکی ١٥ ساڵە و خوێندکارێکی بەشی پزیشکی، لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ناوەندی شاری بۆکان گیانیان لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی چوارشەممە ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، لە ئاکامی هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بینای فەرمانداری بۆکان و چەند بنکەی سەربازی و ئەمنیەتی دیکە لەم شارەدا، سێ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی «شایان مامسەلیمی» منداڵێکی ١٥ ساڵە، «ئەردەڵان پاک دڵ» ٢١ ساڵە و خوێندکاری بەشی پزیشکی و «پەیمان عیرفانی» ٣٠ ساڵە کوژران.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، لە کاتی ئەم هێرشانەدا لانیکەم ٥٧ کەسی دیکەش برینداربوون کە ژمارەیەک لەوانە بۆ چارەسەرکردن بە ناوەندە تەندروستییەکان گواستراونەتەوە.
توندی وێرانکاری کە لە کەوتنی چەندین موشەک بۆ سەر بینای فەرمانداری و دەوروبەری لە ناوەندی شاری بۆکانەوە ڕووی داوە، زۆر گەورەو وێرانکەر ڕاگەیاندراوە و نیگەرانییەکان دەربارەی ئەگەری زیادبوونی ژمارەی کوژراوان بەردەوامە.

