
شلێر مامقادری، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد و دایکی دوو منداڵ، دوای تێپەڕبوونی چەندین ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانیدا، هێشتا چارەنووسی نادیارە و هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستیی لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، شلێر مامقادری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە مەهاباد دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانەکانی ئەو شارە بووە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە و خەریکی وەرگرتنی چارەسەر و بەکارهێنانی دەرمان بووە. سەرەڕای ئەمەش، دوای دەستبەسەرکرانی، دۆخی دەستڕاگەیشتنی بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و دەرمانەکانی لە تەمومژدایە.
هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە دەستبەسەرکردنی شلێر مامقادری لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژیدا بووە و لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا ئەژنۆی شکاوە.
شلێر مامقادری پێشتریش ئەزموونی دەستبەسەرکرانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەبووە.

