
«سەحەر مەهدی» تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و تۆمەتی «سیخوڕی» ئاراستە کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، سەحەر مەهدی لە ئەنجامی هەڵکوتانە سەر ماڵی بنەماڵەکەی لە سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەستبەسەر کراوە و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان گواستراوەتەوە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی ئەم کارەدا بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە مۆڵەتێکی دادوەری چوونەتە ناو شوێنی نیشتەجێبوونی ئەم هاووڵاتییە و دوای دەستبەسەرکردنی، بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەکەی، ناوەندە ئەمنییەکان تۆمەتی «سیخوڕی»یان داوەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە و بڕیاری دەستبەسەرکردنی دوو مانگەیان بۆ دەرکردووە.
هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوەندە حکومەتییەکان ئەم تۆمەتەیان بە چالاکییە سیاسییەکانی برایەکی سەحەر مەهدی کە ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)ە بەستووەتەوە و دەستبەسەرکردنی ناوبراویان لەسەر بنەمای ئەم پەیوەندییە پاساو داوەتەوە.

