
فەرهەنگ دێهقان، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لەدوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر شوێنی کارەکەی و پاشان ماڵی بنەماڵەکەی، بە توندوتیژی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥، فەرهەنگ دێهقان، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «دزێ مەرگەوەڕ» (دزێ) سەر بە شاری ورمێ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا.
بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات سەرەتا چوونەتە شوێنی کارەکەی و هەنگاویان بۆ دەستبەسەرکردنی ناوە، دواتر چوونەتە ماڵی بنەماڵەکەی و بەبێ بڕیاری دادگا و بە توندوتیژی، ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار گواستەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتەکانی فەرهەنگ دێهقان و شوێنی ڕاگرتنی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
