
محەممەد وەتمانی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، دوای ٢٩ ڕۆژ دەستبەسەرکران لەلایەن هێزەکانی ڕژێم، بە دانانی بارمتە بە کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥، محەممەد وەتمانی دوای تێپەڕبوونی ٢٩ ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکرانیدا، بە دانانی بارمتە بە کاتی لە زیندانی مەهاباد ئازادکرا.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم هاووڵاتییە دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە لە گرتووخانەدا، بۆ زیندانی مەهاباد گوازرابووەوە. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.
محەممەد وەتمانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥، بەبێ بڕیاری دادگا و لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شەقامێکی مەهاباد دەستبەسەر کرابوو و پاشان بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابووەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، تۆمەتەکانی و بارودۆخی دۆسیەی دادوەریی ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.

