محەممەد ڕەخشانی و عەبدوڵڵا ڕەخشانی دوو کۆڵبەری بەلوچ، لەلایەن هێزەکانی تاڵیبان لە ولسوالی کنگ لە ویلایەتی نیمروز لە ئەفغانستان، بەهۆی هەڵگرتنی چەندین گاڵۆنی سووتەمەنی بە تەقەی ڕاستەوخۆ تەقەی لێکرا و برینداربوون.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز بە وەرگرتنی لە سەرچاوەکانی بەلوچستان ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ سەرماوەزی ١٤٠٤، هێزەکانی تاڵیبان لە ولسوالی کنگ لە ویلایەتی نیمروز لە ئەفغانستان، بەهۆی هەڵگرتنی چەندین گاڵۆنی سووتەمەنی، بەبێ هۆشداری پێشوەختە لە سنوور تەقەیان لەم دوو کۆڵبەرەی بەلوچ کردووە و هەردووکیان بە سەختی برینداربوون و لەلایەن خەڵکی ناوچەکە بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە.
ناسنامەی ئەم دوو کۆڵبەرەی بەلوچ، «محەممەد ڕەخشانی و عەبدوڵڵا ڕەخشانی»، هەردوو خەڵکی ولسوالی کنگ لە نیمروزن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دوای تەقەی هێزەکانی تاڵیبان، کۆڵبەرێکیان لە قاچ کۆڵبەرەکەی دیکەیان لە مل تەقەی لێکراوە و دۆخیان ناجێگیرە. هەردوو هێشتا لە نەخۆشخانەن و چارەسەر وەردەگرن. ئەم سەرچاوەیە گوتیشی کە تەقەکردنەکە بەهۆی هەڵگرتنی چوار گاڵۆن سووتەمەنی بووە.
ئەم تەقەکردنە لەکاتێکدا ڕوویداوە لە مانگەکانی ئەمدواییەدا، فشارەکان و توندوتیژییەکانی تاڵیبان دژی کۆڵبەرانی بەلوچ لە نیمروز زیادیکردووە و بەرخوردەکانی توندوتیژی، هەڕەشە لە ژیانی هاوڵاتییان دەکەن کە تەنیا بۆ دابینکردنی نانی شەویان، ناچارن لە ڕێگەکانی پڕمەترسی سنوور چالاکیی بکەن.
سوختبەری یەکێکە لە کارە نائاسایی و مەترسیدارەکان کە زۆرێک لە خەڵکی بەلووچ لە بەلوچستان بەهۆی نەبوونی کارێکی گونجاو و سەقامگیر ناچارن بیکەن. ڕووداو و وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سەربازی و ئەمنی بەشێکن لەو مەترسیانەی کە لەسەر ژیانی کرێکارانی سوختبەری دروست دەکەن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی چالاکوانانیی بەلووچ، لە ساڵی ٢٠٢٤، لانیکەم ٣٧٥ سوختبەری بەلووچ بەهۆی تەقەی سەربازی و ڕووداوی هاتوچۆ و ئاگری ئۆتۆمبێل بریندار بوون یان گیانیان لەدەست داوە. لەو ژمارەیەش ٢٤٠ سوختبەر گیانیان لەدەستداوە و ١٣٥ سوختبەر برینداربوون بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەی سوختبەرانی کوژراو و بریندار لەسەدا ٥٥ زیادیکردووە.

